یەکەیەکی گەڕۆک پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە دەوروبەری هەولێر بە خۆڕایی دەکات

رووداو - تەندروستی

لە هەنگاوێکدا بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، یەکەیەکی پشکنینی گەڕۆک لە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری هەولێر دەست بەکار بووە و پشکنینی مامۆگرام بەبێ بەرامبەر بۆ هاونیشتمانییان ئەنجام دەدات.
 
د. هیوا ئاڵەیی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەشتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی، ئەم کارەمان دەستپێکردووە و پشکنینی مامۆگرام بێ بەرامبەر بۆ هاونیشتمانییان دەکەین."
 
د. هیوا ئاڵەیی، گوتیشی، "ئامانجمانە زۆرترین پشکنین بکرێت، پزیشکی پسپۆڕمان لەگەڵدایە کە دەتوانێت یەکسەر دوای پشکنینەکە سەیری ئەنجامەکان بکات و بە کەسەکەی رابگەیێنێت."
 
یەکە گەڕۆکەکە سەرەتا بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ناحیەی بنەسڵاوە دەمێنێتەوە و دواتر دەچێتە ناحیەی قوشتەپە، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەشتی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینە گوندەکان و خزمەتگوزارییەکان بە هەموو هاونیشتمانییان بگەیەنین."