لە هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لە سلێمانی، پزیشکێکی پێست 250 نەمامی چاند


رووداو- تەندروستی

لە سلێمانی هەڵمەتێکی چاندنی نەمام ئەنجامدرا کە پزیشكێکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری تێچووەکەی گرتۆتە ئەستۆ و دەڵێت، بۆ خزمەتکردنی ژینگە و تەندروستیی هاونیشتمانییان ئەمەی کردووە.


ئەو پسپۆرەی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت، ماوەی سێ ساڵە ئەم هەڵمەتە دەکات و کۆمەڵێک کەسی دیکەش هاوکاریی دەکەن، ئەمساڵیش بۆ چوارەم ساڵە بەردەوامە لە کارەکەی.

پزیشکەکە ناوی دکتۆر شادیار ئەکرەمە و پزیشكی پسپۆڕی پێست و جوانکارییە، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ 250 نەمامیان لە بازنەی مەلیک مەحموود چاند و ئەمەشی وەکو کارێکی گرنگ و نزیک لە پیشەکەی بۆ خزمەتکردنی ژینگە و تەندروستیی هاونیشتمانییان باس کرد.

دکتۆر شادیار دەڵێت: ئەگەر ژینگە و کەشوهەوا خاوێن بێت، ئەوا کێشەکانی پێستیش کەمدەبنەوە، چونکە ''هەندێک نەخۆشیی پێست هەن کە بەهۆی پیسیی کەشوهەواوە دەشێت مرۆڤ تووشیان ببێت''.