پسپۆڕێک: لەکاتی جەنگدا ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاد دەبێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی لەبارەی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێ، ئەوە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەت لەنێو منداڵاندا زیاد دەکات. باوترین نەخۆشییەکانیش باس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-3-2026 د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، سکچوون و رشانەوە دوو نیشانەی باوی نەخۆشییە گوازراوەکانن لەکاتی جەنگدا، تەنانەت نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەش لە وەرزی سارددا زۆرتر دەبێت.
د. شاهۆ عوسمان دەڵێت: نەبوونی پاکوخاوێنی و نزمیی کواڵیتیی خۆراک لەکاتی جەنگدا هۆکاری سەرەکین بۆ زووبڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و تووشکردنی زۆرترین منداڵ.
ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، تووشبووی هەر نەخۆشییەک جیا بکرێتەوە یاخود دەمامک ببەستێت، پاشانیش کەلوپەلەکانی بەکارنەهێندرێن.
رێگەکانی پاراستنی پاکوخاوێنی لەکاتی جەنگدا؛
- کوڵاندن بۆ پاککردنەوەی ئاو
- بەکارهێنانی حەبی کلۆر
- شووشتنی دەستەکان بە سابوون (باشترە سابوونی شل بێت)
- داپۆشینی خۆراک و خواردنەوەکان
- هەواگۆڕکێی شوێنی مانەوە
- بەکارنەهێنانی کەلوپەلی یەکدی