بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە موسڵ: تائێستا تووشبووانمان کەمترە لە پارێزگاکانی دیکە

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە موسڵ دەڵێت: تووشبووانی شێرپەنجە لە موسڵ بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کەمترە، هاوکات کاریگەریی جەنگ لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەش باسدەکات.
 
د. عەبدولقادر سالم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە موسڵ بە رووداوی گوت، تائێستا تووشبووانی شێرپەنجە لە موسڵ کەمترە لە پارێزگاکانی دیکە، چونکە پارێزگای موسڵ ژمارەی دانیشتووانی زۆرە کە نزیکەی 10٪ـی دانیشتووانی عێراقن.
 
د. عەبدولقادر روونی دەکاتەوە، ''رێژەی تووشبووان بەند نییە بە ژمارەی تووشبووانی تۆمارکراو، بەڵکو پشت بە رێژەی دانیشتووان دەبەستێت. ژمارەی تووشبووان لەسەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە بەراورد بە 100 هەزار کەس، ئینجا رێژەکەمان بۆ دەردەچێت''.
 
بە گوتەی د. عەبدولقادر سالم، شەڕ ژینگە پیسدەکات لەڕووی هەوا، ئاو و خاک، ئەمەش هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، هاوکات ئەوەش باسدەکات کە جەنگ لەڕووی دەروونییەوە کاریگەریی کورتخایێن و درێژخایێن لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دروستدەکات کە جەنگەکەی تێدایە.