چیرۆکی پزیشکێکی ویلایەتی فلۆریدا کە لە بری سپڵ، جگەری نەخۆشێکی دەرکردووە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ویلایەتی فلۆریدا رووبەڕووی دادگاییەکی ماوەدرێژ دەبێتەوە بە تۆمەتی کوشتنی چەند نەخۆشێکی کە دواینجار نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزی بۆ نەخۆشێکی کردووە و لەبری ئەوەی سپڵی دەربهێنێت، جگەری دەرهێناوە.
نووسینگەی شێریفی ناوچەی واڵتن رایگەیاند، د. تۆماس شاکنۆڤسکی کە پزیشکێکی نەخۆشییەکانی ئێسکە و تەمەنی 44 ساڵە، دوو ساڵە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت بۆ زانینی راستی و دروستی لە رووداوەکە، کە نەخۆشێکی تەمەن 70 ساڵ بە پەلە لە بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەیە وەرگیراوە کە ئەو پزیشکەی لێبووە و بڕیاری نەشتەرگەریی بۆ داوە، بەڵام نەشتەرگەرییەکی هەڵە و هەڵەیەکی کوشندەش.
د. تۆماس شاکنۆڤسکی لە مانگی ئابی 2024 نەشتەرگەریی بۆ ئەو پیاوە 70 ساڵە کردووە، ئەو پیاوە بەهۆی ئازاری سکییەوە چووەتە نەخۆشخانەی Ascension Sacred Heart Emerald Coast لە فلۆریدا. بەرپرسانی تەندروستیی فلۆریدا دەڵێن، نەخۆشەکە سەرەتا نەشتەرگەرییەکەی رەتکردووەتەوە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە. دواجار نەخۆشەکە، لەژێر زۆری دکتۆر تۆماس، رازی بوو بە نەشتەرگەریی لابردنی سپڵ بە رێگەی هەناوبین.
هەرچەندە ستافی نەشتەرگەرییەکە تێبینییان کردووە تیمێکی زۆر کەمیان لەبەردەستدایە. ستافەکە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی کەمیی ئەزموون و لێھاتوویی پزیشکەکەش لە بەشی فریاکەوتن دەربڕیوە. چونکە "دەیانزانی نەشتەرگەرییەکانی لابردنی سپڵ، رێکاری ئاڵۆزن و لە ئەگەری هەر هەڵەیەک، مەترسیی جیدی دەکەوێتە سەر نەخۆش''، بەڵام د. تۆماس رژد بووە لەسەر ئەنجامدانی و ئەوە بووە کە بە هەناوبین نەشتەرگەرییەکەی دەستپێکردووە.
بەڵام لەکاتی نەشتەرگەرییەکە، نەخۆشەکە تووشی خوێنبەربوون بووە و نیشانە زیندەگییەکانی ژیانی دابەزیون، بۆیە ستافی نەشتەرگەری داوای یارمەتیی بەپەلەیان کردووە. هەرچەندە نەخۆشخانەکە ئەوەی راگەیاندووە کە لەم دۆسیانەدا هەرگیز د. تۆماس شاکنۆڤسکی پابەندی رێسا و یاساکانی نەخۆشخانەکە نەبووە و بەپێی ستاندارد کاری نەکردووە لەو حاڵەتەدا.
ئیدی ئەو پزیشکە بڕیاریداوە، چەقۆکاری و کردنەوەی سک بۆ نەخۆشەکە بکات، سەرەنجام لە هەناوبینییەوە گۆڕیویانە بۆ کردنەوەی سک و لەو کاتەدا هەموویان شپرزە بوون ئەمەش بەهۆی خوێنبەربوونی نەخۆشەکە، ئیدی لەبری سپڵ، جگەری نەخۆشەکەی دەرکردووە. ئەو پزیشکە دەڵێت: جگەری نەخۆشەکە زۆر گەورە بووبوو و لە شوێنی خۆشی نەبوو، بۆیە وامزانی سپڵیەتی و دەرم کرد.
پاشان دۆخی نەخۆشەکە هەر بەرەو خراپی چووە و تا گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی، سینگە دڵەبووژاندنەوەی بۆ بکرێت، سەرەنجام گیانی لەدەستدا. ئەو پزیشکە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ تەقینی بۆڕییەکانی سپڵ، بەڵام دادپزیشکی وا ناڵێت. هەرچەندە پزیشکەکە رەتیکردووەتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەندامەکانی نەخۆشەکە پێکهاتەی نائاساییان هەبووە و لە شوێنی خۆیان نەبوون، بۆیە باری تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی فلۆریدا رایدەگەیێنێت، تەنیا دوو مانگ پێش ئەم نەشتەرگەرییەک هەڵەیە، هەمان پزیشک نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ پیاوێکی 58 ساڵ کردووە و لەبری لابردنی رژێنی ئەدریناڵین، بەشێک لە پەنکریاسی نەخۆشەکەی لابردووە.
بەپێی دەستەی دادپزیشکیی ئەلاباما، جارێکی دیکە لە تەممووزی 2023 د. تۆماس شاکنۆڤسکی نەشتەرگەرییەکی ریخۆڵە باریکەی بۆ کەسێک کردووە، بەڵام بەشێک لە کۆڵۆنی لێکردووەتەوە و بەهۆیەوە نەخۆشەکە ریخۆڵەی کون بووە و گیانی لەدەستداوە.
ئێستا ئەو پزیشکە بە تەواوی مۆڵەتەکەی هەڵپەسێردراوە و هێشتا دادگاییکردنەکەی لەسەر تاوانەکانی بەردەوامە.