موژدەیەک بۆ کەسانی ئیفلیج؛ چارەسەرتان نزیکە
رووداو - تەندروستی
براندن پاتێرسن، تەمەنی 41 ساڵە و نۆ ساڵ لەمەوبەر بە رووداوێکی هاتووچۆ ئیفلیج بووە، ئێستا دەبێتە ئومێدێک بۆ هەزاران ئیفلیجبووی جیهان، ئەمەش بەهۆی ئەنجامدانی نوێترین تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیایەکی چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە.
تیمی توێژەرانی زانکۆی جۆرجیا چیپێکیان لەنێو توێکڵی مێشکی براندن چاندووە و بەستیویانەتەوە بە کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە جووڵە بە پەلە ئیفلیجبووەکانی بدەنەوە، ئەمەش لەڕێگەی هاندانی کارەبایی.
بەپێی توێژەران، ئەم تەکنەلۆژیایە پەیوەندی لەنێوان چالاکییە کارەباییەکانی مێشک، کۆمپیوتەر و پەلەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئەو چیپەی مێشک وەکو هاندەرێک کار دەکات بۆ بەکارخستنەوەی پەلە ئیفلیجبووەکان.
د. دانیال کرایمەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت لەو زانکۆیە دەڵێت: سێ چیپ بۆ براندن چاندراون و هەرسێکیان هێزێکی زۆر بە پەلەکان دەدەن بۆ ئەوەی نێردەی دەمارییان بۆ بنرێرن و بیانخەنە جووڵە.
براندن پاتێرسن لەبارەی کاریگەریی داهێنانەکەوە دەڵێ، پێشووتر نەیتوانیوە هەست بە هیچ لە پەلەکانی خوارەوەی بکات، بەڵام بەم داهێنانە باشتر بووە و دۆخی گۆڕاوە بەوەی کە هەستی بە پەنجەکانی کردووە.
توێژەران دەیانەوێت فەرمانی لەدەستچوو بۆ ئەوانەی تووشی ئیفلیجی بوونەتەوە، بگەڕێننەوە، تەنانەت ئەم داهێنانە دەکرێت بۆ ئەوانەش بەکاربێت کە لەبیرچوونەوەیان هەیە.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 16٪ـی دانیشتووانی جیهان تووشبووی ئیفلیجین کە باوترین هۆکاریش پێکانی دڕکە پەتک و جەڵتەی مێشکە، لە ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 800 هەزار کەس دووچاری جەڵتەی مێشک دەبنەوە کە 400 هەزاریان دووچاری ئیفلیجین.
چەندین تاقیکردنەوە هەبوون کە هەوڵیانداوە یارمەتیی کەسانی ئیفلیج بدەن، چونکە ئیفلیجی چارەسەری نییە و تەنیا باشترکردنی شێوازی ژیان، بژارەی سەرەکییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە.