پسپۆڕێکی مێشک و دەمار: خەوی رێک یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە ئیتاڵیا پەیوەندیی نێوان 'کاتی خەو' و 'پەستانی خوێن' ئاشکرادەکات و دەڵێت، رۆژانە خەوتن لە هەمان کاتدا یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و 12 هەزار کەس بەشداریان تێدا کردووە، دەرکەوتووە، نیو کاژێر درەنگخەوتن 30٪ مەترسیی تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن زیاددەکات.
دکتۆر لویگی فیرینی، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە ئیتاڵیا و سەرۆکی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سان رافایل رایدەگەیێنێت، لە دوو کاژێری سەرەتای خەوتندا لێدانی دڵ کەمدەبێتەوە، چونکە جەستە دەردانی هۆرمۆنی گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، بەمەش کاریگەریی لەسەر پەستانی خوێن و لێدانی دڵ دەبێت.
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار روونیدەکاتەوە، ئەو کەسانەی تاوەکو درەنگانی شەو دەمێننەوە و کاتی خەویان ناڕێکە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە، چونکە جەستە کەمتر هۆرمۆنەکانی رێکخستنی لێدانی دڵ و گوشاری دەروونی دەردەدات.
دکتۆر رافایل ئاشکرای دەکات، ماوەی خەوی نموونەیی هەر کەسێک بەگوێرەی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستەی دەگۆڕێت، بەجۆرێک لە هەندێک کەسدا تەنیا چوار بۆ پێنج کاژێر بەسە بۆ خەوێکی تەواو، لەکاتێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، کەسێکی پێگەیشتوو پێویستە شەوانە حەوت بۆ هەشت کاژێر بخەوێت.
بەگوێرەی دامەزراوەی خەو لە ئەمریکا، پێش خەوتن پێویستە 'نەخواردنی کافایین، دوورکەوتنەوە لە خۆراکە سوێر و تیژەکان، بەکارنەهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و خۆشۆردن بە ئاوی شلەتێن' بۆ خەوێکی ئارام و کوالێتیی باش جێبەجێبکرێن.