لە سلێمانی چالاکیی هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی پردی پەڕینەوە راگەیێندرا
رووداو - تەندروستی
لووتکەی تەندروستیی کوردستان پڕۆژەی سەلامەتیی رێگەوبان، کواڵیتیی ئۆتۆمبێل و هۆشیاریی هاتووچۆی راگەیاندووە و ئەمڕۆ لە سلێمانی یەکەم چالاکیی پڕۆژەکە دەستیپێکرد. سەرۆکی لووتکەکە دەڵێت: ''هیوادارم بتوانین ئەم کۆمەڵکوژییەی رووداوەکانی هاتووچۆ، کەم بکەینەوە''، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: ''پێویستمان بە پردی پەڕینەوەی زۆرتر هەیە''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-5-2025 لە سلێمانی پڕۆژەکە لەبارەی هاندانی خەڵک بوو بۆ بەکارهێنانی پردی پەڕینەوە تاوەکو سەلامەتبن و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پشتیوانیی تەواومان بۆ کامپەینەکە هەیە لەپێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و ژمارەی گیانلەدەستدان.
د. هەڤال ئەبوبەکر لەبارەی پردەکانی پەڕینەوە لە سنووری پارێزگاکەی گوتی، ئەوانەی لە دەسەڵاتی پارێزگان 7 دانەن و ئەوانەشی لەلایەن شارەوانییەوە کراون نزیکەی 20 دانەن، بەڵام گوتیشی، لە دروستکردنی پردەکانی پەڕینەوە گرنگتر، ئەوەیە کە بەکاربهێندرێن.
دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ لووتکەی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکەیان دەستپێکردووە و شەش مانگ دەخایەنێت. {کامپەینی میدیایی، کۆنفرانسی زانستی، چالاکیی مەیدانی، راهێنانی پیشەیی بۆ شۆفێران} دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆ، ساڵی رابردوو 98 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی 2022 بەهۆی رووداوەکانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ بەگوێرەی ئەو دوو ئامارە، لەو ماوەیەدا مردن بە رووداوی هاتووچۆ 78٪ کەمی کردووە، لە 445 گیانلەدەستدانەوە بووە بە 98 گیانلەدەستدان. {زیاتر بخوێنەرەوە}