لە شارێکی کەنەدا نەخۆشێک لە نۆرەی چاوەڕوانی بۆ چۆڵبوونی تەخت، گیانی لەدەستدا

رووداو - تەندروستی

دامەزراوەی پزیشکیی ئەلبێرتا لە کەنەدا رایدەگەیێنێت، بۆ دووەم جارە نەخۆش لە نۆرەی چاوەڕوانیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئێدمۆنتن گیان لەدەستدەدات، بەمەش ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە نۆرەدا بوون و گیانیان لەدەستداوە لەو وڵاتە زیاد دەکات.
 
د. براین وێرزبا، سەرۆکی دامەزراوەکە رایدەگەیێنێت، نەخۆشەکە رۆژی 8ـی ئەم مانگە گەیشتووەتە نەخۆشخانەی "رۆیاڵ ئەلێکساندرا" و دوای چەند کاژێرێک لە گەیشتنی گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو روونی کردەوە، نەخۆشەکە چارەسەری سەرەتایی لە بەشی فریاکەوتن وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵە لەنێو بەشەکەدا، لە هۆڵی چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، دواتر دۆخی تەندروستیی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
 
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئەلبێرتا پشتڕاستی کردەوە، دەستیان بە پێداچوونەوە بە کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە کردووە. 
 
ئەم رووداوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک حاڵەتی گیانلەدەستدانی پێشوودایە کە لە مانگەکانی رابردوودا لە نەخۆشخانەکانی شارەکە لەکاتی چاوەڕوانی بۆ چارەسەردا تۆمارکراون، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لەبارەی گوشاری سەر سیستمی تەندروستی وڵاتەکە دروستکردووە.
 
بەگوتەی د. پۆڵ پارکس، سەرۆکی پزیشکانی فریاکەوتن لە دامەزراوەی پزیشكیی ئەلبێرتا، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 کەس لەکاتی چاوەڕوانی بۆ بەتاڵبوونی تەختی نەخۆشخانەکان لە هەرێمی ئێدمۆنتن گیانیان لەدەستداوە.