کەشتیی MV Hondius کە هانتاڤایرۆسی تێدا بڵاوبوویەوە گەیشتە هۆڵەندا

رووداو - تەندروستی

گیانلەدەستدانی 3 سەرنشین کە دووانیان هاوژینێکی هۆڵەندین و گومان دەکرێت لە کاتی گەشتەکەیان بۆ ئەمریکای باشوور "هانتاڤایرۆسیان" بۆ ناو کەشتییەکە گواستبێتەوە، وایکرد کەشتیی گەشتیاریی MV Hondius بۆ پاکژکردنەوەیەکی توند و کەرەنتینکردنی کارمەندەکانی بگەڕێتەوە بەندەری رۆتەردام لە هۆڵەندا.
 
وەزارەتی تەندروستیی هۆڵەندا رایگەیاند، کەشتییەکە بەپێی رێنوێنییەکانی تەندروستیی گشتیی هۆڵەندا پاکژ دەکرێتەوە و دوای ئەوەی هەموو ئەوانەی لە کەشتییەکەدا دادەبەزن، ئەو کارمەندانەی کە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان لە هۆڵەندا کەرەنتین دەکرێن.
 
تاوەکو ئێستا تووشبوونی 9 کەس بە ڤایرۆسەکە پشتڕاستکراوەتەوە و 2 کەسی دیکەش گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە 11 کەس. کۆمپانیاکە گەشتێکی دیکەی بۆ جەمسەری باکوور هەیە کە لە 29ی ئایار لە شاری کیڤلاڤیک لە ئایسلاند دەستپێدەکات، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی گشتی دەڵێن پشکنینی ورد بۆ کەشتییەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە، رێگەی پێنادەن جارێکی دیکە گەشت بکاتەوە.