زانیاریی نوێ لەبارەی تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی

رووداو - تەندروستی

تووشبوویەکی نوێی تای خوێنبەربوون لەنێو جەرگەی شاری سلێمانی راگەیێنرا و ئێستا لە نەخۆشخانەی شارە و لە ژێر چاودێریی ورددایە.
 
د. گۆران هەورامی، پسپۆڕی هەناو و سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار بە رووداوی راگەیاند، تووشبووەکە نیشانەی خوێنبەربوونی هەیە و چارەسەرەکانی وەکو دژەڤایرۆسی پێدەدرێت.
 
د. گۆران هەورامی ئەوەی گوت، هیچ پشکنینێک بۆ ماڵباتەکەی نەکراوە و پێویست ناکات، بەڵام ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکە پیاوێکی تەمەن 41 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانییە. هۆکارەکەشی بۆ "بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو لەکاتی سەربڕینی چەندین ئاژەڵ" گەڕێندراوەتەوە.
 
لەبارەی ئاماری نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، لە کۆی چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنیا 6 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراونەتەوە. لەو 6 تووشبووە، تووشبوویەک بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
 
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟ 
 
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە. 
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەورەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت. 
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت. 
 
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
 
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت. 
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت. 
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن. 
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت. 
 
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت 
 
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.