رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: سیستمی تەندروستیی غەززە لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدایە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا دەکات، رێگەبدرێت سووتەمەنی بچێتە نێو غەززە تاوەکو ئەو نەخۆشخانانەی ماونەتەوە، لە کارکردن بەردەوام بن، هۆشداریش لە داڕمانی تەواوەتیی سیستمی تەندروستی لە غەززە دەدات.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە فەلەستین رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 100 رۆژە هیچ سووتەمەنییەک نەچووەتە نێو غەززە، ئەمەش سیستمی تەندروستی لە داڕمان نزیک دەکاتەوە، چونکە ئامێر، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان بە سووتەمەنی بەڕێوەدەچن''.
ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین دەڵێت: لەکۆی 36 نەخۆشخانەی غەززە، کارکردن لە 17ـیان بەردەوامە کە نزیکەی هەزار و 500 قەرەوێڵەیان تێدایە کە ئەمەش بەڕێژەی 45٪ کەمترە بەراورد بە پێش جەنگ.
ئاماژەی بەوەش کردووە، نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتی غەززە بەتەواوی وێران بوون و هیچ خزمەتگوزارییەکیان تێدا پێشکێش ناکرێت.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لەدوای ئاگربەست و لە 18ـی ئادارەوە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ کەرتەکە دەستپێکردوونەتەوە و تائێستا پێنج هەزار و 193 کەس کوژراون، لە سەرەتای جەنگی (حەماس-ئیسرائیل)ـەشەوە 55 هەزار و 493 کەس لە غەززە و هەزار و 219 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون.