وەزارەتی تەندروستی هۆشدارییەک لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەدات
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بەبێ راوێژ و پشکنینی پزیشکی، هەڵەی پزیشکی لێدەکەوێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە، پێویستە هاونیشتمانییان هیچ دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی بەبێ راوێژی پزیشک و لە شوێنی نافەرمی بەکارنەهێنن و گوێ لە هیچ رێکلامێکی ئۆنلایان و سۆشیاڵ میدیاکان نەگرن.
ئەم راگەێینراوەی وەزارەتەکە دوای ئەوە دێت کە یەکەمجار لە پەیجی رووداوی تەندروستییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی گەنجێک بە ناوی 'زەکەریا سەلمان' بڵاوکرایەوە؛ کەسێکی نزیکی بۆ رووداوی گێڕاوەتەوە کە زەکەریا هەستی بە ئازارێک کردووە و راوێژی بە ژیریی دەستکرد AI کردووە، ئەویش دەرمانێکی بۆ پێشنیاز کردووە، بەڵام دوای خواردنی دەرمانەکە، تەندروستیی تێکچووە و دوای چەند کاژێرێک گیانی لەدەستداوە.