چیرۆکی ئەو پزیشکەی لەکاتی نەشتەرگەریدا بوورایەوە و ژیناویان بۆ دانا
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا، پزیشکێکی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لەکاتی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشێکی، پەستانی خوێنی دادەبەزێت و بێهێز دەبێت و هەر لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا دەبوورێتەوە، بەڵام نەشتەرگەرییەکە راناگرێت و تیمەکەی ژیناوێکی بۆ دادەنێن.
ئەم رووداوە لە ساڵی 2021ـدا لە نەخۆشخانەیەکی تورکیادا روویدا و پڕۆفیسۆر د. ئۆغوز باسوت کە لە نێوەڕاستی نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزی لابردنی گرێی لیکەڕژێنی نەخۆشێکیدا بووە، دۆخی تەندروستیی تێکچوو و بوورایەوە، بەڵام تیمەکەی کانیولایەکیان بۆ دانا و لەسەر خواستی خۆی، نەشتەرگەرییەکەی رانەگرت.
ئەو نەخۆشخانەیە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، رۆژێک پێش نەشتەرگەرییەکە خۆراکی پیسی خواردووە و بەهۆیەوە ژەهراوی بووە، لەنێو نەشتەرگەرییەکە پەستانی خوێنی دابەزیوە و خەریکبووە لەهۆش خۆی بچێت، بەڵام پسپۆڕەکە رەتیکردووەتەوە کە نەشتەرگەرییەکە بووەستێنێت.
تیمەکەی کانیولایەکیان لە پێی پزیشکەکە دانا و ژیناویان پێیدا، تاوەکو بارودۆخی جێگیر بێتەوە و پەستانی خوێنی هاوسەنگ ببێتەوە، کانیولاکەیان لە دەستی دانەنا، چونکە هەردوو دەستی ئەو پزیشکە گیرابوون و نەشتەرگەرییەکەی پێدەکردن.
د. ئۆغول باسووت ئەو پزیشکە بوو کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی دەکرد و ئاوای لێبەسەرهاتووە دەڵێت: لە دۆخێکدا نەبووم کە واز لە نەشتەرگەرییەکە بهێنم و ''ئەگەر هەر پزیشکێک لە شوێنی من بووایە، هەمان کاری دەکرد و نەشتەرگەرییەکەی رانەدەگرت''.
هۆکارەکانی لەهۆشخۆچوونی پزیشکان لەکاتی نەشتەرگەری
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، بێهۆشبوون لە ژووری نەشتەرگەریدا دەشێت بەهۆی 'گوشار، گەرما، کەمیی خۆراک، نەخۆشی'ـەوە بێت. بۆ رێگریکردنیش پشوودانی کورتی دەروونی و جەستەیی پێویستە.
چیرۆکی دیکە...
چیرۆکی دیکەی بوورانەوە و تێکچوونی دۆخی تەندروستیی پزیشکانی نەشتەرگەری لەکاتی نەشتەرگەریدا زۆرن، لە چین پزیشکێکی 58 ساڵ دوای تەواوکردنی حەوت نەشتەرگەری لە دوو رۆژدا بەبێ وەستان، لەنێو ژووەکە کەوت و بە تەواوی شەکەت بوو {ڤیدیۆکەی لە سەرەوە دانراوە}.
پزیشکێکی دیکەش بە ناوی لو هێنگ کە بۆماوەی 28 کاژێر لەسەر یەک خەریکی نەشتەرگەرییەکانی بوو، کەوتە سەر زەوی و شەکەت بوو. تەنانەت نەک پزیشکانی نەشتەرگەری بەڵکو کارمەندانی تەندروستیش لەم رووداوانە بێبەش نین و زۆرینەشیان بەهۆی گوشاری دەروونی و کەمخەوییەوە دووچاری ناڕێکیی زۆر دەبنەوە.