وەزیری تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: هەندێک لە کارگەکانمان دەرمان هەناردە دەکەن
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی عێراق تایبەت بە رووداو رایدەگەیێنێت، هەندێک لە کارگە نیشتمانییەکانمان بە شێوەی تایبەت دەستیان بە هەناردەکردنی دەرمان کردووە. ئەمەشی بە سەرەتایەکی گرنگ زانی بۆ زیادکردنی داهاتی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-9-2025 د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لەنێو کۆنفرانسی ساڵانەی تەندروستی و توێژینەوەی ئێکسپۆ عێراقدا بە رووداوی راگەیاند، دەرمان بۆ ئەوانەی گورچیلەیان بۆ چێندراوە بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.
حەسناوی دەڵێت: سوپاس بۆ خودا هەندێک لە کارگە نیشتمانییەکانمان بە شێوەی تایبەت دەستیان بە هەناردەکردنی دەرمان کردووە. پشت بە خودا ئەمەش سەرەتایەکی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نیشتمانی لە عێراق تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەت.
دڵنیاییشی دایە ئەوانەی گورچیلەیان بۆ چێندراوە کە دەرمانەکانیان بە باشی هاوردە دەکرێت و بەسەر هەموو پارێزگایەکدا بە یەکسانی دابەشدەکرێت.
لە گوتەیەکیدا لەنێو کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشتی و ئاسانکاریی تەواوی ئەو کارگە و لایەنانە دەکەن کە دەرمان لە عێراقدا دروستدەکەن. هەروەها ئاشکرای کرد، ئەمساڵ پێنج سەنتەری دەروونییان دامەزراندووە و لە ساڵی داهاتووش دوو سەنتەر بۆ هەمان پسپۆڕی دادەنێن، بەتایبەت بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر.