پزیشکانی هەولێر لە کۆنفرانسێکدا کۆبوونەتەوە و بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکانیان پێشکێشدەکەن

رووداو - تەندروستی

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، پزیشکان و پسپۆڕانی کەرتی تەندروستی لە کۆنفرانسێکی ئەدەبیدا لە هەولێر کۆدەبنەوە و بەرهەمە ئەدەبی و نووسینەکانیان نمایش کرد.
 
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ  پێنجشەممە 18-9-2025، بەڕێوەچوو و تێیدا پزیشکان کتێب و نووسینەکانی خۆیان لە بوارەکانی ئەدەبی، پزیشکی و تەندروستیدا پێشکێشکرد، کە ئەمەش دیوێکی جوانی دیکەی پزیشکان دەردەخات.
 
د. سەلیم زەنگەنە، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "هەموو بەشەکان تەواوکەری یەکدین و پێویستە پزیشکان جگە لە پسپۆڕییەکەیان، لە بواری دیکەشدا خۆیان بدۆزنەوە."
 
د. سەلیم زەنگەنە ئاماژەی بەوەکرد، "پزیشکانیش خاوەن هەست و سۆزن و مامەڵە لەگەڵ سۆز و کەسایەتیی نەخۆش دەکەن، نەک تەنیا جەستەی."
 
د. سەنگەر رەشید، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر کە نووسەری کتێبی دەروازەی بەختەوەریی خێزانە دەڵێت: ''کتێبێکم لەسەر خێزان نووسی لەکاتێکدا خێزاندار نەبووم، بەڵام ئێستا کە خێزانم پێکهێناوە و کتێبەکە دەخوێنمەوە، هیچ وشەیەک نییە لێی پەشیمان بم''.
 
د. سامان تاهیر بەرزنجی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی کە خاوەنی هۆنراوەی مارشی زانکۆی هەولێری پزیشکییە لە ساڵی 2006 دایڕشتووە و تایبەت بە رووداو ئاشکرای دەکات، لە قۆناخی شەشی کۆلێژی نووسیویەتی و بەو بۆنەیەوە بووە کە زانکۆکە لە زانکۆی سەڵاحەدین جیابووەتەوە.