پسپۆڕێک: کاری جیدی بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی تەندروستیی خانمانی ناوچەکانی دەرەوەی شار بکرێت
رووداو - تەندروستی
هەڵمەتی لونای پەمەیی بۆ هاندانی خانمان لە هۆشیارکردنەوەیان بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک بەردەوامە و پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی رایدەگەیێنێت، هێشتا ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لاوازە بۆ بەدواداچوونی خانمان لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک.
ئەمڕۆ شەممە 18-10-2025 د. نەوشاد نەوزاد، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە هەولێر پێشنیازی یاسا و رێنوێنییەکی جیهانی بۆ خانمان دەکات و دەڵێت، هەموو خانمێک لە تەمەنی 40 ساڵیدا پشکنینی مامۆگرافی بکات و دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانەش، پێویستە مانگانە خودپشکنینی مەمک بکات.
لەبارەی ئەو خانمانەی لەنێو کەسە نزیکەکانیان و خزمەکانیان تووشبووی شێرپەنجە هەیە گوتی، ''ئەوانە پێویستە لە 35 ساڵییەوە پێویستە MRI یاخود مامۆگرافی بکەن.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات لەوەی کە خانمانی ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاستی هۆشیاریی تەندروستییان کەمە و زۆرجاریش ئەو خانمانە ئەوانەن کە لە قۆناخە پێشکەوتووەکانی شێرپەنجە دەستنیشاندەکرێن کە چارەسەر زەحمەت بێت.
هاوکات پێشنیاز دەکات، بە تیم هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی مەمکیان بۆ بڵاو بکرێتەوە.