کلینیکاست؛ منداڵ لە سێ مانگی سەرەتایدا نەخرێتە نێو بێشکە، ''جومگەی حەوزی دەردەچێت''

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی کلینیکاستی ئەم هەفتەیە لەبارەی دەرچوونی جومگەی حەوزە لە منداڵاندا و میوانەکە ئاشكرای دەکات، نابێت منداڵ لە سێ مانگی یەکەمیدا بخرێتە نێو لانک (بێشکە) و نەشپێچرێتەوە بە تووندی. ئەو دەشڵێت، ''لەو میللەتانەی بێشکە بڵاوە، رێژەی دەرچوونی جومگەی حەوز لە منداڵاندا زۆرە''.
 
پڕۆفیسۆر د. لاس حەوێزی، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان میوانی پۆدکاستەیەکە و دەڵێت: سەرەتای سێ مانگی منداڵ ئێسکەکانی لە گەشەکردنە، بۆیە کاتێک بە تووندی لەنێو بێشکەدا دەبەسترێتەوە رێگە لە گەشەی ئەو ئێسکانە دەگرێت. پێشنیازیش دەکات، ''ئەگەر منداڵ بخرێتە بێو بێشکە باشترە پەتی خوارەوە واتە ئەو پەتەی لای قاچی نەبەسترێت و قاچەکانی فراوان بن''.
 
د. لاس حەوێزی باس لە توێژینەوەیەکی دەکات کە بەراوردی دەرچوونی جومگەی حەوزی کردووە لەنێوان هەولێر و دهۆکدا و دەرکەوتووە، رێژەی دەرچوونی جومگەی حەوز لە منداڵانی دهۆک بەراورد بە منداڵانی هەولێر زیاتربووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دانیشتووانی دهۆک زووتر منداڵ دەخەنە نێو بێشکە. 
 
لە کۆتاییدا هۆشداری دەداتە دایباب، ئەگەر منداڵ  لەپێکەوت یاخود نەیتوانی بڕوات، هیچ بیانوویەک نەهێننەوە و نابێت پشتگوێی بخەن، چونکە هۆکارە بۆ زەبر، هەوکردن، کەوتن و لەجێچوون.