نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان دەکات
رووداو - تەندروستی
لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا گازەکان رێژەیەکی زۆریان دەسووتێندرێن و ئۆکسیدەکانی کاربۆن، کبریت، نایترۆجین و گازی میسان دەردەدەن.نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە لاوازیی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان.
روت زوگمان، جێگری بەڕێوەبەری گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە UN دەڵێت: ''سستی لە کارەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا مانای ئەوەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دەیەی داهاتوودا، جیهان 1.5 پلە گەرمتر دەبێت، دەبێت ئەم زیادەڕۆییە و تێپەڕاندنە کەم بکەینەوە، ئەمەش ناکرێت بەبێ سنووردارکردنی دەردانی گازی میسان، چونکە بەرپرسیارە لە نزیکەی یەک لەسەر سێی گەرمبوونی جیهان''.
بەگوێرەی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی، لە ساڵی 1750ەوە چڕی گازی میسان بە رێژەی 162٪ زیادی کردووە. ئەم زیادبوونەش دەشێت بۆ مرۆڤ ببێتە هۆی؛ سەرئێشەی بەردەوام، لاوازیی ماسوولکەکان، لەبیرچوونەوە، رەبۆ، هەناسەتەنگی، شێرپەنجەی سییەکان و پێست.
مارتینا ئۆتۆ، سەرۆکی دەستەی رێکخراوەکانی CCAC لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت: ''هێشتا دەردانی گازی میسان لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام لە داهاتوو باشتر دەبێت، ئەوەش بەهۆی رێسا نوێیەکانی فڕێدانی پاشماوە لە ئەورووپا و ئەمریکای باشوور، هەروەها خاوبوونەوەی گەشەی گازی سرووشتی لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2024، کە ئاستی پێشبینیکراوی میسانیان کەم کردووەتەوە بەراورد بە پێشبینییەکانی پێشوو''.
نەتەوەیەکگرتووەکان ئامانجیەتی، تاوەکو 5 ساڵی دیکە، 8٪ رێژەی میسان کەم بکاتەوە، تاوەکو مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە لە مەترسییەکانی پارێزراو بن.