پسپۆڕێکی پێست: منداڵ جلی زۆری لەبەر بکرێت، تووشی مەترسییەک دەبێتەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست، هۆشداری دەدات لەبارەی لەبەرکردنی جلی زۆر لەبەر منداڵان و رایدەگەیێنێت، ئەم کارە زیان بە پێستی منداڵەکە دەگەیێنێت و تووشی چەندین کێشەی دەکات.
د. سۆما خەسرەو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت، "لەبەرکردنی جلی زۆر لەبەر منداڵ دەبێتە هۆی خوران، سووربوونەوە و زیپکەی ورد لەسەر پێستی منداڵەکە، جاری وایە زۆر تووند دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی منداڵەکە."
هەروەها ئەو پسپۆڕەی پێست ئاماژە بەوە دەکات، "هەندێک جاریش لەبەرکردنی جلی زۆر لەو منداڵانەی کە ئەکزیمایان هەیە، وادەکات ئەکزیمای جەستەی منداڵەکە خراپتربێت."
لە کۆتاییدا د. سۆما خەسرەو، رێنمایی دایکان دەکات و دەڵێت، "لە جیاتی لەبەرکردنی چەند پارچەیەکی زۆر لە جل لەبەر منداڵەکەیان، دوو پارچەی کواڵیتی بەرز دەتوانێت پارێزگاری لە منداڵەکەیان بەرامبەر سەرما بکات."