هەواڵی خۆش لەبارەی ڤاکسینی شێرپەنجەوە؛ ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئەرێنی و سەرکەوتوون

رووداو - تەندروستی

یەکەم تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی دژەشێرپەنجە لە قۆناخی یەکدا لەسەر مرۆڤ تاقیکرایەوە و پسپۆڕان دەڵێن، ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و رێگربووە لە دووبارەتووشبوونەوە بە شێرپەنجە.
 
ڤاکسینەکە لەلایەن توێژەران پەیمانگەی ویس لە بۆستن لەسەر 21 تووشبووی شێرپەنجەی میلانۆمای پێست کە لە قۆناخی چواردا بوون، تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە؛ ڤاکسینی WDVAX دەتوانێت 43٪ پێشگیری لە دووبارە تووشبوونەوە لە شێرپەنجە بکات.
 
د. گلێن درانۆف، هاوسەرۆکی پەیمانگەی شێرپەنجەی ئەمریکیی دانا فاربەر بەشدارە لە تاقیکردنەوەکە و دەڵێ، ''دوای ئەوەی لەسەر ئاژەڵ ئەو ڤاکسینەمان تاقیکردەوە، کاریگەریی زۆر باشی هەبوو  و ئێستاش لەسەر 21 نەخۆش تاقیمانکردووەتەوە و بەهەمان شێوە، بە باشی پێشگیری لە شێرپەنجەکە کردووە''.
 
ئەم ڤاکسینە هێشتا لەژێر تاقیکردنەوەیە و لەشێوەی ڤاکسینی تاکەکەسییە (لە پێکهاتەی خانە شێرپەنجەییەکانی خودی نەخۆشەکان دروستدەکرێت و ئامانجیەتی راستەوخۆ خانە شێرپەنجەییەکان لەنێوببات بێ ئەوەی زیان بە خانەکانی دەورووبەری بگەیێنێت، واتە هەم چارەسەرە و هەمیش رێگریکەرە) بڕیاریشە تایبەت بێت بەوانەی کە تووشی شێرپەنجە بوون، تاوەکو ئەگەری دووبارە تووشبوونەوەیان ببێتە 0٪.
 
لە ئەمریکا تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی دژە شێرپەنجەی مەمک سەرکەوتوو بوو
 
هەر لە ئەمریکا لەلایەن توێژەرانی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی ڤاکسینێک دژی شێرپەنجەی مەمک تاقیکرایەوە و دەرکەوت، 74٪ کاریگەریی هەیە.
 
د. جی تۆماس بوود، توێژەری ڤاکسینەکەیە و دەڵێ، ئەو ڤاکسینە بۆ پارێزگاریکردن لە مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی مەمک دەبێت و ئەنجامەکان ئومێدبەخشن. (تاوەکو ئێستا ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ بە دوو قۆناخ تاقیکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو بووە بڕیارە قۆناخێکی دیکەش لە کۆتایی ساڵی داهاتوو دەستپێبکات).
 
رووسیا پەیتا پەیتا ڤاکسینی دژەشێرپەنجە لەسەر خەڵکی وڵاتان تاقیدەکاتەوە
 
لە سڕبیا تووشبوویەکی شێرپەنجەی پێست رەوانەی مۆسکۆ کرا بۆ ئەوەی بەشداری تاقیکردنەوەیەک بکات کە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی شێرپەنجەی میلانۆمای پێستە، ئەو ڤاکسینە لەماوەی پێنج مانگدا بە 10 ژەم لە کەسی تووشبوو دەدرێت، ئامانجیش ئەوەیە کە نەهێڵدرێت کەسەکە دووبارە تووشی شێرپەنجەکە بببێتەوە و بەرگریی جەستەی دژی نەخۆشییەکە بەهێز بێت.
 
پڕۆفیسۆر د. ڤلادیمیر جاکۆڤلیڤیچ لە فاکەڵتی زانستە پزیشکییەکانی کراگویڤاک کە سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە دەکات، دەڵێ: ڤاکسینەکە تاکەکەسییە و ژیریی دەستکرد هاوکاربووە لە دروستکردنی.
 
میخایل مۆڕاشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا لەسەر ڤاکسینەکە گوتی، ئەمە تەنیا سەرەتایە و زانایان هێشتا کاریگەری و سەلامەتیی ڤاکسینەکە هەڵدەسەنگێنن.
 
بەریتانیا خەریکە قۆناخێکی نوێی تاقیکردنەوە بۆ ڤاکسینی دژەشێرپەنجەی پێست رادەگەیێنێت
 
تاقیکردنەوەی قۆناخی چوارەم بۆ ڤاکسینی دژە شێرپەنجە لە بەریتانیا دەستپێدەکات و توێژەران دەڵێن، بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە لە مێژووی خێزانیاندا تووشبووی شێرپەنجەی پێست هەیە. نزیکەی هەزار کەس لە تاقیکردنەوە نوێیەکە بە سەرۆکایەتیی نەخۆشخانەی زانکۆی کۆلێژی لەندەن بەشدارن، ڤاکسینەکە دژی  جۆرێکی باوی شێرپەنجەی پێستە کە ناسراوە بە 'میلانۆما' و لەسەر ئەوانە تاقیدەکرێتەوە کە گرووپی مەترسیدارن بۆ نەخۆشییەکە.
 
ڤاکسینەکە ناوی V940ـە و بەجۆرێکە پێی دەڵێن، ڤاکسینی تاکەکەسی کە کاریگەریی لاوەکی ناکاتە سەر بەشەکانی دیکەی جەستە و تەنیا دژی خانە شێرپەنجەییەکان دەجەنگێت، هەروەها زانکۆکە رایدەگەیێنێت کە 49٪ کاریگەریگەرە بۆ پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی پێست.