لە سلێمانی نەوجەوانێک پوولێکی دۆمینە لە دەمیدا دەشارێتەوە و قوتی دەدات
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەرس و جگەر پوولێکی دۆمینە لە گەدەی نەوجەوانێکدا دەرهێنرا. پسپۆڕی سەرپەرشتیاریش دەڵێ، پوولەکە گەورە بوو و بە قورسی دەرهێنرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025 د. هیوا ئەبوبەکر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر سەرپەرشتیی پڕۆسەی دەرهێنانی پوولەکەی کردووە و بە رووداوی راگەیاند، ئەوە نەوجەوانێکی 14 ساڵی نابیست بوو، لەکاتی دۆمینەکردندا پوولەکەی لە دەمدا شاردووەتەوە و بە نائاگایی، قوتیداوە.
د. هیوا ئەبوبەکر دەڵێت: بەهۆی ئەوەی خەڵکی چەمچەماڵ بوون و لە زیانلێکەوتووانەی لافاوەکە بوون، چەند رۆژێک پوولەکە لە گەدەیدا ماوەتەوە و دوێنێ چوارشەممە بە هاوکاریی ستافێکی شارەزای نەخۆشخانەکە، لەڕێگەی هەناوبینەوە لەژێر سڕکردنی گشتیدا بە نزیکەی 90 خولەک دەرهێنرا.
ئەو پسپۆڕە گوتی، دەرهێنانی تەنی نامۆ بە قەبارەی گەورە زەحمەتە بەتایبەت پوولی دۆمینە، لەکاتێکدا ئەوان پێیان وایە، دەرهێنانی مووکێش و تەنی بچووک زۆر ئاسانترە لە دەرهێنانی پوولی دۆمینە.
ئەگەر دەرنەهێنرایە چی دەبوو؟
د. هیوا ئەبوبەکر دەڵێت: پوولەکە دەچووە نێو ریخۆڵە و دووانزە گرێیە و تووشی گیرانی ریخۆڵەکانی دەبوو، ئەوەش دەبووە لێکەوتەیەکی مەترسیدار و دەبوایە بە نەشتەرگەری دەربهێنرایە.
چەند رێنوێنییەک بۆ پێشگیری لە رووداوی لەم شێوەیە بزانە؛
- دوورخستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی بە ئاسانی قوتدەدرێن لە منداڵ.
- ئەگەر نەخۆشەکە تەنەکەی لە سوورێنچکی گیربووبوو، نابێت دەست ببرێتە قوڕگی منداڵەکە و هەوڵی دەرهێنانی بدرێت، بەڵکو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
- نابێت نەخۆشەکە هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک بخواتەوە تاوەکو بە ئاسانی تەنەکە دەربهێندرێت.
- ئەگەر تەنەکە چووبووە نێو بۆری هەناسەی، ئەوا بە تەکنیکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت یان راستەوخۆ ببرێتە نزیکترین نەخۆشخانە.