دەرمانێک لە نەخۆشخانەی رزگاری نەماوە و نەخۆشێک دەڵێ، لە بازاڕ نرخی گرانە و پێمان ناکڕدرێت

رووداو - تەندروستی

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیێنێت، تەنیا یەک جۆر لە دەرمانی بایۆلۆژی لە نەخۆشخانەکەدا ماوە، نەخۆشێکیش دەڵێت، ناچارین لە بازاڕ بە نرخێکی گران بیکڕن.
 
کاکەڕەش خورشید، نەخۆشێکە و بە رووداوی راگەیاند، "دەرزیی ئادالیموماب (Adalimumab) کە بۆ رۆماتیزم بەکاردێت نییە، پێشتر بەشی دوومانگیان دەداینێ، دواتر کردیان بە مانگێک، ئێستاش دەڵێن، نیمانە و تاوەکو دوای سەری ساڵ نادرێت''.
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەکات، نرخی ئەو دەرمانە لە دەرمانخانەکانی دەرەوە لەنێوان 130 بۆ 140 هەزار دینارە، کە بۆ زۆرێک لە نەخۆشان گرانە.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "هەندێک جار کورتی لە دەرمان روودەدات، بەتایبەت لە سەری ساڵان، ئێستا لە دەرمانە بایۆلۆژییەکان تەنیا ئینفلیکسیمابمان هەیە."
 
هەمان سەرچاوە هۆکاری کەمبوونەوەی دەرمانەکە بۆ ئەو پشکە دەگەڕێنێتەوە کە لە بەغداوە دێت و دەڵێت، "ئەو دەرمانانەی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دێن، زۆرجار بە کەمی دێن و بەشی هەموو نەخۆشەکان ناکات، بۆیە بە زۆرێک لە نەخۆشەکانمان گوتووە، دوای سەری ساڵ سەردانمان بکەنەوە."