تەندروستیی حەسەکە: بریندارێکی زۆرمان هەیە و پێویستیمان بە دەرمانە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی حەسەکە، رایگەیاند، بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارانەوە پێویستییەکی زۆریان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 19-1-2026 د. حەسەن ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی حەسەکە لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، "داوای هاوکاری دەکەین چونکە بریندارێکی زۆرمان هەیە و پێویستمان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە، بەتایبەتی دەرمانی دژەزیندە و ئازارشکێنمان زۆر پێویستە بەڵام زۆر کەمە."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی حەسەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، "بریندارێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەوە هاتوونەتە نەخۆشخانەکان و بەشێکی زۆریان هاووڵاتیی سیڤیلن."
سەبارەت بە هەوڵی تیمە پزیشکییەکان، د. حەسەن ئەمین، جەختی کردەوە، "ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی هاوکاری برینداران بکەین، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هەمیشە لە ئامادەباشیدان و ئامادەن لەنێو کەمپەکانیشدا هاوکاری بکەن."