مانگی سووری کورد: هێرشکرایە سەر کاروانێکی پزیشکی و ئەندامێکمان گیانی لەدەستدا

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی مانگی سووری کورد لە حەسەکە ئاشکرای کرد، کاروانێکی پزیشکییان کەوتووەتە بۆسەی چەکدارانەوە و بەهۆیەوە ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە، یەکێکی دیکە بێسەروشوێنە و چەندانی دیکەش برینداربوون.
 
مەنجووب حسۆ، بەرپرسی مانگی سووری کورد لە حەسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاروانە پزیشکییەکەی ئێمە کەوتە نێو بۆسەی چەکدارانەوە، کاتێک لە رەقەمان تێپەڕاند لە ناوچەی کەرامە 7 جار هێرشمان کرایە سەر."
 
بەرپرسی مانگی سووری کورد لە حەسەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، "8 کاژێر لە رێگەبووین و نەمانتوانی بگەینە نەخۆشخانەکان، بەداخەوە چارەنووسی ئەندامێکمان دیار نییە و چەندین کەسمان بریندارە و یەکێک لە ئەندامەکانیشمان گیانی لەدەست داوە."
 
مەنجووب حسۆ، داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، "داوا لە هەموو خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکەم بڕۆن خوێن ببەخشن، لە نەخۆشخانەکانی قامشلۆ پێویستیمان بە خوێن هەیە."