لە بەریتانیا ژیریی دەستکرد بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژەرانی بەریتانی رێگەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی جەڵتەی دڵ تاقیدەکەنەوە کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت.
 
تاقیکردنەوەکە لە زانکۆی رۆژهەڵاتی لەندەن دەکرێت و بەجۆرێکە کە توێژەرەکان کار لەسەر خانەکانی دڵ دەکەن، تاوەکو لەڕێگەیەوە ژیرییەکی دەستکردی بۆ دابنێن، پسپۆڕێکیش دەڵیت: بە ژیریی دەستکرد گۆڕانکارییەکانی پێش تووشبوون بە جەڵتەی دڵ ئاشکرادەکەین.
 
د. پراشانت رووچایا، پسپۆڕی دڵ لە زانکۆی رۆژهەڵاتی لەندەن دەڵێت: ''لەنێو خانەی تاقیگەییدا چاودێریی گرژبوون و خاوبوونەوەی دڵ دەکەین؛ خێرایی، لێدان و گرژبوونی دڵ دەپێوین کە ئەمە تەواو نوێیە و بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەتوانین سەیری ئاڵۆزییەکانی گۆڕانکاری لە دڵ بکەین و پێشبینی ئەوە بکەین کام خانە تەندروستە و کام خانەش بە شێوەیەکی ناتەندروست پیر دەبێت، ئەوەش بە سەیرکردنی گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژییەکانی خانەکانی دڵ''.
 
بە گوتەی پسپۆڕان، ئامانج لە دروستکردنی تەکنەلۆژیاکە، پێشوەختە دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵە، چونکە لەڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردەوە گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی دڵ دەپشکنرێن.
 
د. پراشانت رووچایا، سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکەیە و دەشڵێت: ناسینەوەی گرژبوون و خاوبوونەوەی دڵ لەلایەن ژیریی دەستکردەوە، دەشێت یارمەتیدەربێت بۆ ناسینەوەی هەر کێشەیەک کە لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونی هەبێت وەکو جەڵتەی دڵ.
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژە بەوەشدەکات، زۆرینەی ئەو كێشانەی رووبەڕووی دڵ و لوولەکانی خوێن دەبنەوە لەئەنجامی گیرانی خوێنبەری تاجی دڵەوەیە کە زیادبوونی رێژەی چەوریی خوێن هۆکارێکییەتی.
 
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، لەکۆی هەشت پیاو یەکێک و لەکۆی 14 خانم یەکێک بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە گیانلەدەستدەدەن؛ باوترین هۆکارەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەکرێت بەرزیی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەکرە و بەرزیی چەوریی خوێن بێت و هەندێکجاریش بۆماوەییە.
 
بەشێکی داهێنانەکانی ئەم سەردەمەش بۆ ئەوەیە، بە زوویی ناڕێکییەکانی دڵ دەستنیشانبکرێن، تاوەکو پێشوەختە چارەسەربکرێن.