پزیشکێک لە مانگی رەمەزاندا رێنمایی بۆ پاراستنی گورچیلەکان بڵاو دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
لە مانگی رەمەزاندا، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەبارەی کاریگەرییەکانی بەڕۆژووبوون لەسەر کۆئەندامی میز و گورچیلەکان و رێنمایی بۆ پاراستنی تەندروستییان بڵاودەکەنەوە.
د. مانگیش پاتیل پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەڵێت: "بێ ئاوی بۆ ماوەی 12 بۆ 15 کاژێر، ئاستەنگی گەورە بۆ هاوسەنگیی شلەمەنییەکانی لەش دروست دەکات, کاتێک خواردنەوەی ئاو رادەگیرێت لەش ئاو پاشەکەوت دەکات و میز خەست دەکاتەوە، ئەمەش دەتوانێت دەرئەنجامی بەرچاوی بۆ گورچیلە، میزڵدان و پرۆستات هەبێت."
بۆ پاراستنی تەندروستیی گورچیلەکان د. مانگیش پاتیل ئاماژە بەوەدەکات " لەبری خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو لە یەک کاتدا لە کاتی بەربانگ، هەوڵبدرێت لە نێوان بەربانگ و پارشێودا لە هەر کاژێرێک 250 میلیلیتر ئاو بخۆیتەوە."
د. مانگیش پاتیل گوتی " خواردنی شووتی، خەیار و شۆربا یارمەتی شێدارکردنەوەی لەش دەدەن بۆ ماوەیەکی درێژتر"
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ جەخت دەکاتەوە " پێویستە لەکاتی رەمەزاندا لە خواردنەوەی کافاین و خۆراکە سوێرەکان دوورکەویتەوە، چونکە دەبنە هۆی ئەوەی لەش ئاو زیاتر لەدەستبدات، ئەمەش وشکبوونەوە لە کاتی بەڕۆژووبووندا خێراتر دەکات."
د. مانگیش پاتیل دەڵێت "ئەگەر نیشانەکانی وەک ئازاری توندی پشت، سووتانەوە لەکاتی میزکردن، تای بەردەوام، یان کەمبوونەوەی میز دەرکەوتن، گرنگە راوێژ بە پزیشک بکرێت."