دواین زانیاری لەبارەی ئەو گەنجەی 15 سەگ هێرشی دەکەنە سەر و بە قووڵی برینداری دەکەن
رووداو - تەندروستی
گەنجێکی 18 ساڵی لە دهۆک سەگ پەلاماری دەدات و دۆخی تەندروستیی خراپە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گەنجە خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتووە و زۆرینەی گازەکانیش بەر قاچ و سەری کەوتوون.
دکتۆر ئەلەند ئەحمەد، ئەو پزیشکەیە کە گەنجەکەی بینیوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2-2026 بە رووداوی راگەیاند، نزیکە 15 سەگی بێلانە هێرشیان کردبووە سەر و برینەکانی قووڵ بوون بەتایبەت لە سەر و قاچەکانی.
بەگوتەی ئەو پزیشکە، برینەکانی سەری ئاڵۆز بوون و خوێنی پێبەخشراوە، پاشانیش دەرزیی دژەهاریی سەگیان لێداوە، هەر دوێنێ شەویش لە چاودێریی چڕ خەوێندراوە و ئێستا دۆخی باشتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا رێکاری دیکەی نەشتەرگەری ماوە کە بۆی بکرێت.
بەگوتەی دکتۆر ئەلەند ئەحمەد، تا ئێستا حاڵەتی لەم شێوەیەی گەستنی سەگی نەبینیوە.
هەموو شتێک لەبارەی هاریی سەگ بزانە
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت، هاوکات نەخۆشییەکە مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی هاریی سەگ لە رێگەی شلەکانی جەستەوە بەتایبەت لیک و خوێنی کەس یان ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە و تەنانەت پەیوەندیی راستەوخۆ و گازگرتنیش هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەگ
* دەرکەوتن؛ 2 بۆ 4 مانگ
* تا و گەشکە
* هەستیاری بە رووناکی و ئاو
* قورسیی قووتدان و لیکی زۆر
* ئیفلیجی
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە مرۆڤ
* دەرکەوتن؛ 2 مانگ بۆ ساڵێک
* ئیفلیجی
* تا و رشانەوە
* قورسیی قووتدان
* هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار
* زیادبوونی لیک
* تێکچوونی باری دەروونی
* گازگرتن