نەبوونی پزیشک دەرگەی نەخۆشخانەکانی پشدەر دادەخات و بێشۆفێریش ئەمبوڵانسەکانی پەکخستووە
رووداو - تەندروستی
لە سنووری قەزای پشدەر، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نیوەڕۆیان کۆتاییان دێت. بەهۆی نەبوونی پزیشک و کارمەندی پێویستەوە، دەرگەی بەشێکی زۆری مەڵبەندە تەندروستییەکان دوای کاژێر 12ـی نیوەڕۆ دادەخرێن و ژیانی دانیشتووان دەکەوێتە ژێر رەحمەتی رێگە سەختەکانەوە.
مەڵبەندی تەندروستیی شارۆچکەی هێرۆ نموونەی ئەم قەیرانەیە؛ مەڵبەندەکە کە دەبێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە 100 ماڵی شارۆچکەکە و 12 گوندی دەوروبەری بکات، تەنیا دوو یاریدەدەری پزیشکی تێدایە. وێڕای ئەوەی تاقیگەکەی داخراوە، ئەمبوڵانسێکیشی هەیە، بەڵام شۆفێری نییە. ئەمە وایکردووە لەکاتی رووداوی کتوپڕدا، نەخۆش ناچار بێت 30 کیلۆمەتر رێگەی سەخت و پێچاوپێچ بڕێت تاوەکو دەگاتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ.
ئایشە ئەحمەد ژنێکی تەمەن 68 ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی هێرۆیە، کە بەهۆی نەبوونی پزیشکەوە دوچاری گرفت بووەتەوە، بە رووداوی راگەیاند: "لەبەردەم ماڵەکەم جەڵتەی دڵ لێیدام، خزمێکم فریام کەوت و بردمی بۆ قەڵادزێ، لەوێشەوە یەکسەر بۆ سلێمانییان ناردم''.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بە بارگرانیی دارایی نەبوونی پزیشک دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دکتۆر لە شارۆچکەکە هەبێت، مەجبور نین 100 هەزار دینار لە کرێی گواستنەوە بدەین و بچین بۆ سلێمانی، تەنیا لە ئێرەوە بۆ قەڵادزێ کرێ 50 هەزار دینارە''.
جگە لە نەبوونی کارمەندی پزیشکی، سرووشتی ناوچەکەش بەربەستێکی دیکەیە و محەممەد عومەر، دانیشتووی شارۆچکەی هێرۆ لە پشدەر دەڵێت: ناوچەکەمان شاخاوی و سەختە، لە وەرزی زستاندا گرفتی هاتووچۆ دروستدەبێت و زۆرجار بە هەفتە رێگە دەگیرێت''.
گرفتەکان تەنیا لە شارۆچکەکاندا قەتیس نین؛ نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێش کە تاکە پەناگەی دانیشتووانی دەڤەرەکەیە، توانای پڕکردنەوەی تەنیا 30٪ـی پێداویستییە پزیشکییەکانی هەیە. ئەمەش وایکردووە رۆژانە نزیکەی 8 نەخۆش بە ئەمبوڵانسی کۆن رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی بکرێن.
ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ دەڵێت: پزیشکی پسپۆڕی تایبەتمەندمان نییە، وەکو پسپۆڕی سینگ و بۆڕیی خوێن، دڵ و دەمار و نەشتەرگەریی جوانکاری و سووتاوی. هاوکات کەمیی پێداویستی و نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ (ICU) گرفتێکی گەورەیە''.
لە سنووری قەزای پشدەر نزیکەی 20 مەڵبەند و بنکەی تەندروستی هەن، زۆربەی ئەوانەی دەکەونە گوند و شارۆچکەکان، بەهۆی کەمیی پزیشک و کارمەندەوە هەمان چارەنووسی بنکەی هێرۆیان هەیە و تەمەنی خزمەتگوزاری تێیاندا تەنیا تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆیە.