هۆشدارییەک بۆ خانمان؛ کیسی هێلکەدان زیادی کردووە و سووڕانی هێلکەدانیش باوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی هەردوو نەخۆشخانەکانی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر و لەدایکبوون و منداڵانی سۆران هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کیسی هێلکەدان و سووڕانی هێلکەدان کە یەکێکە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە. پزیشکێکیش دەڵێ، پشتگوێخستنی نیشانەکان خانمان دەخاتە مەترسییەکی جیدیییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-4-2026 د. تارا خەسرۆ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری بە رووداوی راگەیاند، کچێکی 18 ساڵ کە سکئێشە، هێڵنج و رشانەوەی هەبووە گەیێندرایە نەخۆشخانەکە و دوای پشکنین زانرا، کیسێکی گەورەی (13 بە 9 سانتیمەری) هەیە کە ئەمەش وایکردبوو تووشی سووڕانی هێلکەدانی ببێت.
د. تارا خەسرۆ دەڵێت: بە داخەوە بەهۆی ئەوەی درەنگ هاتبووە نەخۆشخانە و نیشانەکانی پشتگوێیخستبوو، هێلکەدانی حەوت جار سووڕابوو کە وایکردبوو، خوێن بۆ هێلکەدانەکە نەڕوات و تووشی رەشبوونەوە (Gangrene) ببێت کە سەرەنجام بە دەرهێنانی هەموو هێلکەدانەکە کۆتایی هات.
هۆشداریش دەدات کە خانمان لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەک دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەکانی خانمان و منداڵبوون بکەن، بۆ ئەوەی بە وردی کێشەکەیان دەستنیشان بکرێت و دواینەخەن.
ئەو کچە 18 ساڵە ئێستا یەک هێلکەدانی هەیە، د. تارا خەسرۆ گوتی، هەلی دووگیانبوونی کەم دەبێتەوە، بەڵام زۆریش کێشەی نابێت، چونکە هێلکەدانەکەی دیکەی تەندروست بوو، هەرچەندە پێویستە هەمیشە لە چاودێریدا بێت.
''خانمان ئازارەکانیان پشتگوێبخەن، تووشی سووڕانی هێلکەدان دەبن''
هەر ئەمڕۆ د. شادیە عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند، ئێستا سووڕانی هێلکەدانی زۆر بووە و هۆکاری سەرەکیش بەهۆی کیسی هێلکەدانەوەیە بەتایبەت کاتێک نەخۆش نیشانەکانی پشتگوێدەخات.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: رۆژانە تووشبووی لەو شێوەیە دێنە نەخۆشخانە و زۆرینەشیان نیشانەکانی پشتگوێخستووە یاخود وایانزانیوە کە ئازاری ئاساین و دوای چەند خولێک نامێنێت. نیشانەکانیش ئەمانەن (سکئێشە بەتایبەت خوارەوەی سک و حەوز، رشانەوە و هێڵنجار لەکاتی ئازارەکە).
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو
''هەفتانە لانیکەم سێ نەشتەرگەریی سووڕانی هێلکەدان دەکرێت''
د. تاڤان فاتیح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە سلێمانیش تووشبووانی سووڕانی هێلکەدان زیاد بووە، بەجۆرێکە تەنیا هەفتەی رابردوو سێ خانم تووشی بووبوون و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.
تەنانەت د. تاڤان فاتیح ئەوەشی باس کرد کە پشتگوێخستنی نیشانەکان هۆکاری هەرە سەرەکییە بۆ سووڕانی هێلکەدان بەهۆی کیسی هێلکەدانەوە.