چیرۆکی ئەو ژنەی لە کەلار دوای وەرگرتنی دەرمان لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت گیانی لەدەستدا

رووداو - تەندروستی

لە کەلار خانمێکی تەمەن 68 گیان لەدەست دەدات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان رێکاری یاسایی و کارگێڕییان دەستپێکردووە بۆ بەدواداچوونی هۆکاری گیانلەدەستانی و کەسوکارەکەشی دەڵێن بەهۆی پێدانی دەرمانی هەڵەوە گیانی لەدەست داوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، سەرجەم بەراوی بەدواداچوونەکان ئاراستەی وەزارەت دەکرێن بۆ ئەوەی ئەوان بڕیار لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بدەن.
 
ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە 12 رۆژ پێش ئێستا بووە، بەڵام ئەمڕۆ رێکارە یاساییەکانمان گرتووەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە." ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتی تەندروستی خۆی لیژنەکە پێکبێنێت و ئەندامەکانی لە دەرەوەی پارێزگاکە بن."
 
مەحموود عەبدولکەریم کوڕی قوربانییەکە بە رووداوی گوت، "دایکم تەمەنی 68 ساڵ بوو و تەنیا ئازاری سکی هەبوو."
 
مەحموود عەبدولکەریم باسی لەوەش کرد، "بردمە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، بەڵام پزیشکی لێنەبوو، تەنیا سێ کەسی لێبوو کە خۆیان بە پزیشک ناساند و تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمتر بوو." گوتیشی، "چەند پشکنینێکیان بۆ دایکم کرد و دواتر دەرمانیان پێدا، دوای تەواوبوونی دەرمانەکە، سکی دایکم رەق بوو و دوای چەند خولەکێک گیانی لەدەستدا."
 
کوڕی قوربانییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەکات لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکەن.