روانگەی سەوزی عێراقی: چاودێریی تووند بخرێتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران
رووداو - تەندروستی
روانگەی سەوزی عێراقی (IGO) هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە ژینگەیی و تەندروستییەکانی ئەو مووشەکانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی جەنگ.
روانگەی سەوزی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە، پاشماوەی ئەو چەکانەی لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و خاک، بەهۆی نادیاریی جۆری ئەو تەقەمەنییانە و نەبوونی شەفافیەت لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، هەڵسەنگاندنی ئاستی مەترسییەکان قورس بووە، مادە مەترسیدارەکان لەڕێەگەی "با"وە دەتوانن بۆ نێو خاکی عێراق بگوازرێنەوە.
روانگەی سەوزی عێراق ئاشکرای دەکات یەکێکی تر لە مەترسییە هەرە سەرەکییەکان بۆ سەر عێراق ئاوە، بەو پێیەی ناوچە شاخاوییەکانی رۆژئاوای ئێران سەرچاوەی چەندین رووباری هاوبەشن کە دەڕژێنە نێو خاکی عێراق، باران و لافاوە بەهێزەکانی ئەم دواییە دەبنە هۆی گواستنەوەی تەنۆلکە پیسبووەکان بۆ نێو سەرچاوەکانی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق.
بەهۆی ئەم بارودۆخە ژینگەییەوە، روانگەی سەوزی عێراقی داوا دەکات چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، بەتایبەت میوە و سەوزەکان.
رێکخراوەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە جۆری ئەو چەکانە بکەن کە لە ناوچەکەدا بەکارهاتوون و سیستمی چاودێریی ژینگەیی بەهێزتر بکەن، جەختیش دەکاتەوە بەبێ هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، لێکەوتە تەندروستی و ژینگەییەکان لەسەر مرۆڤ و سروشت یەکجار گەورە دەبن.