پزیشکانی گشتیی دانەمەزراوی ساڵی 2025: تا 10 رۆژی دیکە دانەمەزرێین، خۆپێشاندان دەکەین

رووداو - تەندروستی

663 پزیشکی دەرچووی ساڵی 2025ی هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دانەمەزراندنیانەوە دەردەبڕن.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی کراوە پزیشکەکان دەڵێن، "سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پشت بە پلەبەندیی پزیشکی دەبەستێت، کە بەردەوامیی ئەم سیستمە پەیوەستە بە دامەزراندنی بەردەوامی پزیشکانی تازە دەرچوو."
 
پزیشکەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە "پزیشکانی تازە دەرچوو بڕبڕەی پشتی نەخۆشخانە حکومییەکان پێکدەهێنن و هەر دواکەوتنێک لە دامەزراندنیان، راستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان."
 
ئەو پزیشکانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکان و وەزارەتی تەندروستی ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەبارەی کات و رێکاری دامەزراندنیانەوە دەرنەچووە.
 
پزیشکانی دانەمەزراوی ساڵی 2024-2025 دوو داواکارییان هەیە:
 
1.  دامەزراندنیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن بۆ پزیشکانی ساڵی 2024 جێبەجێکرا.
2.  راگەیاندنی کات و رێکارە کارگێڕییەکانی دامەزراندن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە نووسراوێکی فەرمی.
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پزیشکەکان مۆڵەتی 10 رۆژ واتە تاوەکو 29ی 4 دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەڵامدانەوە و دەرکردنی بڕیارێکی فەرمی. رایانگەیاندووە، "بە پێچەوانەوە، ئەگەر لەم ماوەیەدا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا بە مافی خۆمانی دەزانین کە رێکارە مەدەنییەکان لە گردبوونەوەی هێمنانە و چالاکیی ناڕەزایەتی بگرینەبەر."