لە هەڵەبجە چالاکییەک بۆ بەپێ رۆیشتن کرا

رووداو - تەندروستی

لووتکەی تەندروستیی کوردستان پڕۆژەی سەلامەتیی رێگەوبان، کواڵیتیی ئۆتۆمبێل و هۆشیاریی هاتووچۆی راگەیاندووە و ئەمڕۆ لە هەڵەبجە چالاکییەکانی پڕۆژەکە دەستیپێکرد، تاوەکو شەش مانگیش دەخایەنێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-5-2025 نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، خەڵکی هەڵەبجە لەم پڕۆژانە هەمیشە پێشەنگن و وەڵامدانەوەیان بۆ چالاکیی لەم شێوەیە زۆر باشە. ئەوەشی دووپاتکردەوە کە پاڵپشتیی هەڵمەتی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی نێوخۆ دەکەن بۆ هۆشیاریی هاتووچۆ.
 
نوخشە ناسیح گوتی، ئێستا بەشێکی زۆری دانیشتووانی قەزای خورماڵ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بۆ هاندانی کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێل، پایسکیل بەکاردەهێنن.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەڵێت: بە هاوبەشی لەگەڵ لووتکەی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان 'پڕۆژەی سەلامەتیی رێگەوبان، کواڵیتیی ئۆتۆمبێل و هۆشیاریی هاتووچۆ'ـیان دەستپێکردووە و شەش مانگ دەخایەنێت. {کامپەینی میدیایی، کۆنفرانسی زانستی، چالاکیی مەیدانی، راهێنانی پیشەیی بۆ شۆفێران} دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆ، ساڵی رابردوو 98 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی 2022 بەهۆی رووداوەکانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ بەگوێرەی ئەو دوو ئامارە، لەو ماوەیەدا مردن بە رووداوی هاتووچۆ 78٪ کەمی کردووە، لە 445 گیانلەدەستدانەوە بووە بە 98 گیانلەدەستدان. {زیاتر بخوێنەرەوە}