لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار نەشتەرگەریی چاندنی میزڵدان کرا

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ناوەندێکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار نەشتەرگەریی چاندنی میزڵدانیان بە سەرکەوتوویی کرد، هەشت کاژێری خایانووە و سەرکەوتوو بووە.
 
نەشتەرگەرییەکە لە ناوەندی پزیشکیی رۆناڵد ریگان بۆ پیاوێکی 41 ساڵان کرا، دوای حەوت ساڵ کۆتایی بە نەخۆشییەکانی میزڵدان و گورچیلەی هاتوون و وەکو گوێزی ساخی لێهاتووە.
 
د. نیما نەسیری، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی چاندن کە سەرپەرشتیی ئەم نەشتەرگەرییەی کردووە دەڵێت: ''چاندنی ئەندام چارەسەرێکی رزگارکەرە بۆ ئەوانەی ئەندامەکانیان پەکیان کەوتووە یاخود ئەندامەکانیان گیرۆدەی دۆخێکی مەترسیار بوون، ئێستا دەتواندرێت میزڵدانیش بخرێتە نێو لیستی ئەندامە چاندراوەکان''.
 
نەسیری لەبارەی ئەو نەخۆشەی کە چاندنەکەیان بۆ کردووە دەڵێت: ''ئەو بەهۆی لابردنی گرێی شێرپەنجەیی میزڵدانییەوە بەشێکی زۆری میزڵدانی لەدەستدابوو و ژیانی لە مەترسیدا بوو، پاشانیش گورچیلەکانی پەکیان کەوتبوون و لەژێر شووشتنی بەردەوامدا بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام بووە''.
 
نەسیری دەشڵێت، بڕیاریان داوە چاندنی گورچیلە و میزڵدان بۆ نەخۆشەکە بکەن و هەردوو نەشتەرگەرییەکەیان بە یەکەوە کردووە کە هەشت کاژێری خایاندووە.
 
بەگوتەی پسپۆڕان، ئێستا ئەو نەخۆشە پێویستی بە شووشتنی بەردەوامی گورچیلە نییە و هەردوو نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو بوون.