بەرپرسێکی تەندروستیی کەرکووک: خەڵک بەردەوام بن لە خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون

رووداو - تەندروستی

بەرپرسێکی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، چەند رۆژێکە تووشبووی تۆمارکراوی تای خوێنبەربوون نییە، بەڵام مەترسیی نەخۆشییەکە هەیە و گرنگە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بەردەوام بن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-5-2025 دکتۆر شاسوار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری هونەریی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 15 رۆژە هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە، بەڵام حاڵەتی گومانلێکراو هەبووە.
 
دکتۆر شاسوار عەلی دەڵێت: مەترسیی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لەو کاتەدا زۆرە کە مامەڵەی نادروست لەگەڵ گۆشتی خاو دەکرێت بەتایبەت دوای سەربڕین، واتا گۆشتی تازە.
 
بەپێی تەندروستیی کەرکووک، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون کە چواریان گیانیان لەدەستداوە؛ دووانیان کارمەندی تەندروستی بوون.