تەندروستیی هەڵەبجە: ساڵێکە ئامێری MRIـمان لەکارکەوتووە و بۆمان چاک ناکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرێکی گشتیی تەندروستی رەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت و دەڵێت، ماوەی ساڵێکە ئامێرێکی MRI لە سنوورەکەیان لەکارکەوتووە و وەزارەتی دارایی رەزامەندیی چاککردنەوەی.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری کردووە، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی داوای بەدواداچوون دەکات بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر چاککردنەوەی ئامێری MRIـی سنوورەکەیان کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە لەکارکەوتووە و هاونیشتمانییانی لەو خزمەتگوزارییە بێبەش بوون.
د. ئازاد مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئامێرەکە لەبەر کۆنییەکەی لەکارکەوت، داوامان کرد نوێ بکرێتەوە چەندین جار نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە، ئەوانیش بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام ئێستا نووسراوەکەمان لە وەزارەتی دارایی راوەستاوە".
بەڕێوەبەرە گشتییەکە گومانی هەیە لەوەی کەسێک رێگر بێت لە چاککردنەوەی ئامێرەکە و دەڵێت، "هەست دەکەم دەستێک لەوە هەیە، دەنا بۆچی دەبێت وەزارەتی دارایی رایبگرێت، نە پارەکەمان بۆ دابین دەکەن، نە هۆکارێکی باشیشمان دەدەنێ".
د. ئازاد مستەفا گوتی "بەهۆی ئەوەی ئامێرەکە هی کۆمپانیایەکی دیاریکراوە، کۆمپانیاکانی دیکە ناتوانن دەستکاریی بکەن و چاکی بکەنەوە."
د. ئازاد مستەفا دەڵێت، ئەو ئامێرانە گرانبەهان و چاککردنەوەیان ساڵانەیە، بۆیە داوا دەکات ئەگەر چاکی ناکەنەوە، دانەیەکی نوێیان بۆ بکڕن، وەک چۆن بۆ نەخۆشخانەکانی سنوورەکانی دیکە دابین دەکرێت.