بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ نهێنییە تەندروستییەکانی نەشتەرگەریی جوانکاریی مەمک و سمت باس دەکرێن

رووداو - تەندروستی

لەنێو ستۆدیۆی بەرنامەی ئەمجارە، کچێک پێنج جارە نەشتەرگەریی جوانکاریی سمتی کردووە و چیرۆکی خۆی باس دەکات و دەیەوێت بیکات بە شەش جار، ئەو دەڵێت، ''حەز دەکەم قەبارەکەی زیاتر گەورە بکەم، چونکە هێشتا لە شێوەی خۆم رازی نیم''. پسپۆڕێکی دەروونناسیش گوتی، تێڕوانینی ئەم کەسانە ئاسایی نییە و ناڕێکیی دەروونییان هەیە.
 
ئەگەر ئەو شوێنەی سلیکۆنی تێدایە و جوانکاری بۆ کراوە، بەر چەقۆیەک یاخود دەرزییەک بکەوێت یانیش رووداوێکی هاتووچۆی بەسەردا بێت، چ زیانێکی دەخرێتە سەر؟ د. دێرێ لەتیف، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: شوێنەکە فش دەبێتەوە و دەبێت سلیکۆنەکە راستەوخۆ دەربهێندرێت، چونکە ئەگەر تێکەڵ بە جەستە ببێت زیانی پێدەگەیێنێت.
 
زیانەکانیش باس دەکات وەکو 'هەوکردن، سووربوونەوە، ئەگەری دروستبوونی ئازار و ناڕێکیی شوێنەکە'ـی لێدەکەوێتەوە.
 
بەڵام د. دێرێ لەتیف ئەوەش باس دەکات کە باوک هەیە خۆی کچەکەی دەهێنێت و دەیەوێت جوانکاریی مەمکی بۆ بکرێت، چونکە بە باشی گەشەی نەکردووە یاخود ناڕێکە یاخود هەندێکجار پیاو هەبووە ویستوویەتی هاوژینەکەی نەشتەرگەریی جوانکاری مەمک بکات لەبەر کێشەیەکی تەندروستی.
 
د. سامیە جەلال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەرییەکانی مەمک میوانێکی بەرنامەکەیە و دەڵێت: نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی مەمک ئومێدبەخشێکی کاریگەرە بۆ ئەوانەی مەمکیان بەهۆی شێرپەنجەوە دەبڕدرێتەوە.
 
د. قادر مستەفا، پسپۆڕی دەروونناسی دەڵێت: زێدەڕۆیی لە نەشتەرگەریی جوانکاریی مەمک و سمت شێواوییەکی دەروونییە، هەروەها دەشڵێت کە ئەو زێدەڕۆییە تایبەتمەندیی کەسێتیی نمایشکارە.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، خەڵکانێک هەن ئەو جۆرە خانمانەیان دەوێت کە مەمک و سمتیان گەورەیە، هەر بۆیە ئەمەشی بە هاندەرێک زانی بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆیی لە نەشتەرگەریی جوانکاری.
 
دکتۆر ئاراس رایەکی خۆی لەبارەی دوو جۆری خانم باس دەکات و دەڵێت، لای ئەو جوانترین دیمەنی خانمان کاتی دووگیانیەتی و ناشترینترین دیمەنیش ئەوەیە کە خانمێک جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپدەکێشێت.