خانمێک بەهۆی نەشتەرگەرییەکانی پێشووی منداڵبوونیەوە تووشی ئاڵۆزیی دووگیانی دەبێت
رووداو - تەندروستی
خانمێکی دووگیان لە کۆیە دۆخێکی ئاڵۆزی تووش دەبێت و دووچاری خوێنبەربوون دەبێت و دەنێردرێتە هەولێر، پزیشکێکی پسپۆڕ کە یەکێک بووە لە تیمی رزگارکەرانی ژیانی خانمەکە دەڵێت: وێڵاشی خانمەکە و ماسوولکەکانی منداڵدانی تێکەڵ بوون و هەندێکیشی گەیشتبوونە میزەڵدانی.
ئەمڕۆ شەممە 19-7-2025 د. رووناک عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون کە یەکێکە لەو پسپۆڕانەی نەشتەرگەریی منداڵبوونەکەی بۆ خانمەکە کردووە لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، تەمەنی 40 ساڵ بووە و بە سێیەم منداڵی دووگیان بووە لەکاتێکدا منداڵی یەکەم و دووەمی بە نەشتەرگەری بووە.
ئەو پسپۆڕە گوتی، لە پشکنینی تیشک و سۆنەر دەرکەوتووە کە ناڕێکییەکەی هەیە و دووچاری دۆخێکی ئاڵۆز بووە، هەر بۆیە لەناکاو تووشی خوێنبەربوون بووە و کۆرپەلەکەی لە تەمەنی شەش مانگیی دووگیانیدا دەرهێنرا، لەگەڵیدا 5 بتڵ خوێن، 5 یەکە پلازما و 5 یەکەی دیکە کرایۆ کە پێکهاتەیەکی خوێنە، پێیدراوە.
نەشتەرگەرییەکە سەرەتای ئەم مانگە کراوە و تەندروستیی دایک و کۆرپەکەی جێگیرە.
هۆکارەکەی چییە؟
د. رووناک عەبدولڕەحمان هۆکاری تووشبوون بەو ئاڵۆزییەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە خانمەکە دوو جارە بە نەشتەرگەری منداڵی دەبێت و دەڵێت: لەگەڵ هەر نەشتەرگەرییەکی منداڵبوون مەترسیی بۆ منداڵبوونی داهاتوو زیاد دەبێت.
بۆچی لە کۆیە نەکراوە؟
د. شەهلا رەئوف،پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوونە لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە کۆیە و بە رووداوی گوت، ''ئەو جۆرە حاڵەتانە لەبەر ئاڵۆزییەکەی لە کۆیەوە دەنێردرێنە هەولێر، پاشانیش لەبەر ئەوەی کە تائێستا بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی ناکاممان نییە، ئەوا هەر خانمێک پێشوەختە منداڵی ببێت، دەنێردرێتە هەولێر بۆ منداڵبوون''.
کەی نەشتەرگەریی منداڵبوون پێویستە؟ د. سانا ئیسماعیل لە پۆدکاستی نەخۆشنامە وەڵام دەداتەوە.