لە پارێزگای کرماشان 570 هەزار کەس نەخۆشیی شەکرە یان پەستانی خوێنیان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تەندروستیی کرماشان رایگەیاند، مەزەندە دەکرێت لەو پارێزگایەدا 570 هەزار تووشبووی شەکرە و پەستانی خوێن هەبن. راشیگەیاند، هەوڵێکیان بۆ تۆمارکردنی تووشبووان بەو دوو نەخۆشییە دەستپێکردووە.
 
ئیبراهیم شەکیبا، سەرۆکی تەندروستیی پارێزگای کرماشان رۆژی 18-11-2023 رایگەیاند، لە هەڵمەتی دەستنیشانکردنی تووشبووان بە پەستانی خوێن، پشکنین بۆ هەموو ئەوانە دەکرێت کە تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاترە و ژمارەشیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 456 هەزار کەسە، هەروەها پشکینی نەخۆشیی شەکرە بۆ هەموو ئەوانە دەکرێت کە تەمەنیان زیاتر لە 40 ساڵە و ژمارەیان یەک ملیۆن و 278 هەزار کەسە.
 
بە گوتەی ئیبراهیم شەکیبا، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 400 هەزار کەس تووشبووی نەخۆشیی پەستانی خوێن تۆمار بکرێن، کە لەو ژمارەیە 140 هەزار کەسیان نەخۆشی نوێن و پێشتر ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نەبوون. دکتۆر شەکیبا دەشڵێت، بەراورد دەکرێت 170 هەزار تووشبووی نەخۆشیی شەکرەش تۆمار بکرێن، کە لەو ژمارەیە 100 هەزار کەسیان تووشبووی نوێن.
 
لەو هەڵمەتەدا کە تەندروستیی کرماشان بەڕێوەی دەبات، ئەو کەسانەی نەخۆش نین دەبێت 5 ساڵی دیکەی بۆ پشکنین سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.
 
ئەو هەڵمەتە بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو بەردەوام دەبێت و ئەوانەی تەمەنیان زیاتر لە 18 ساڵە، بۆ پشکنین دەبێت سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.
 
نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێن دوو هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکانی وەکو دڵ، خوێنبەرەکان، گورچیلە، وەستانی مێشک و هەندێک نەخۆشیی دیکەن، بۆیە تەندروستیی کرماشان هیوادارە بە کۆنترۆڵ و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێن، رێژەی مردن کەم بکاتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی تەندروستیی کرماشان، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکاری 46%ی مردنن لە پارێزگاکەدا.
 
سەرۆکی تەندروستیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، مەزەندە دەکرێت 14%ی خەڵکی سەروو 18 ساڵ نەخۆشیی شەکرە و 29%یش نەخۆشیی پەستانی خوێنیان هەبێت، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا 59%یان دەزانن کە نەخۆشییەکانیان هەیە.