وەزارەتی تەندروستیی عێراق: ستیکەری وەزارەتمان لە 1.6 ملیار دەرمان دراوە
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ، پڕۆسەی لێدانی 1 ملیار و 600 ملیۆن ستیکەری تەندروستی لەو دەرمانانەی تەواوکردووە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاوردە دەکرێن؛ دەشڵێت، لەدوو ساڵدا رێژەی ئەو دەرمانانەی ستیکەریان لەسەرە لە 30%ـەوە بۆ 70% بەرزبووەتەوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، بە رووداوی گوت، لێدانی ستیکەر لە دەرمان "دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بۆ رێکخستنی کەرتی دەرمان دێت. هەوڵدەدەین رێژەکە بگەیێنینە %100".
بە گوتەی سەیف بەدر، تیمەکانی چاودێری لە فەرمانگەکانی پشکنین، کلینیکەکان، لایەنە ئەمنییەکان و سەندیکای دەرمانسازان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، رۆژانە چاودێریی پابەندبوونی دەرمانخانەکان بە دانانی ستیکەر دەکەن.
سیستمی ستیکەر، زانیاریی ورد لەبارەی نرخی فەرمی، سەرچاوە، کاتی بەسەرچوون و وردەکاریی دیکەی تەکنیکیی دەرمانەکە لەخۆدەگرێ.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەم سیستەمە بە یەکێک لە سیستەمە پەسندکراوەکانی جیهان بۆ رێکخستنی بازرگانیی دەرمان دادەنێ و دەڵێ، سەلامەتیی بەرهەمەکان مسۆگەردەکات، متمانەی هاووڵاتی بە دەرمانی زیاد دەکات و رێگری لە دەستکاریکردنی نرخ دەکات.