کۆمەڵەکەیان لە بەریتانیا: ساونا دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی کەم دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی ساونا لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، مانەوە لەنێو ساونادا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و خەمۆکیی گۆڕانی وەرز.
 
خەمۆکی بەهۆی گۆڕینی وەرز کە ناسراوە بە (SAD) کاتێک روودەدات کە وەرز لە ساردییەوە بۆ گەرم و لە گەرمییەوە بۆ سارد دەگۆڕێت. ئەمەش خۆی لە چەند ناڕێکییەکی دەروونی و تێکچوونی ئاوەزدا دەبینێتەوە.
 
بەپێی NHSـی بەریتانی، نیشانەکانی خەمۆکی بەهۆی گۆڕینی وەرز بریتین لە (کەمبوونەوەی چێژ، ناڕێکیی ئاوەز، بێمەزاجی، زووتووڕەبوون، بێهێزی و کەمخۆری). کە کەمبوونەوەی بەرکەوتن بە خۆر هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەمە.
 
لەبەر ئەمە کۆمەڵەی ساونا لە بەریتانیا رایگەیاند، لەماوەی گۆڕینی وەرزدا باشترە ساونا بکرێت و بایەخ بە خۆدانەبەرخۆر بدرێت، لەبارەی ساوناشەوە دەروونناسێک روونی دەکاتەوە، ''هۆڕمۆنەکانی دڵخۆشی دەردەدات کە گوشاری دەروونی کەم دەکەنەوە''.
 
د. مارتا نیوسۆن، دەروونناس دەڵێت: ساونا گوشار، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە و خەویش باشتر دەکات. هەر بۆیە دەکرێت کەمکەرەوەی نیشانەکانی ئەو جۆرە خەمۆکییە بێت.