تەندروستیی ئەمریکا توێژینەوە لە کاریگەرییەکانی شەپۆلی مۆبایل لەسەر مێشک و شێرپەنجە دەکات
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری توێژینەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکانی تیشکی مۆبایل لەسەر مێشک و شێرپەنجە دەدات، وەزارەتەکەش دەڵێ، دەیانەوێت بە فەرمی بیسەلمێنن کە زیانی هەیە.
هەرچەندە تائێستا ئەمە بە توێژینەوە نەسەلمێنراوە، بەڵام رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو جۆرە شەپۆلانە لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر دەمار دروستدەکات و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەش زیاد دەکەن.
ئەندروو نیکسۆن، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو توێژینەوانەی لەلایەن FDAـەوە کراون لەو بارەیەوە سڕاونەتەوە و بەسەرچوون، لەکاتێکدا دەرخەری ئەوەن کە هیچ زیانێکیان نییە، بەڵام پێویستی بە توێژینەوەی ورد هەیە.
گوتەبێژەکە گوتی، ''ئەو هەنگاوە یەکێکە لە ستراتیژییەکانی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت (ئەمریکا دووبارە تەندروست دەکەینەوە) لەپێناو باشترکردنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییانی ئەمریکا''.
بۆچی ئەم بابەتە هەڵبژێردراوە؟
ساڵی رابردوو وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا لە 22 ویلایەتی ئەمریکا بەکارهێنانی مۆبایلی لە قوتابخانەکان سنووردار کرد و گوتی، دەمانەوێت تەندروستی جەستەیی و دەروونیی منداڵان باشتر بکەین.
هەرچەندە دەزگای CDC و FDAـی ئەمریکی پێیان وانییە، تائێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە هەبێت بۆ مەترسیی تیشکەکانی مۆبایل.
دامەزراوەی نیشتمانیی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریدەخات، بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەکە، بەکارهێنانی مۆبایل نابێتە هۆی شێرپەنجە''.