سەرۆکی WHO: دوو ملیۆن کەس لە غەززە لە برسێتیدا دەمرن

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە کەرتی غەززە دوو ملیۆن کەس لە برسێتیدان و نزیکن لە مردن، تەنانەت دەڵێت: ''بەهۆی گەمارۆکانەوە ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەنێو منداڵان''.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''لە غەززە خەڵک بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە دەمرن کە بە ڤاکسین دەکرێت پێشگیرییان لێبکرێت''.
 
ئەو جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر رێگەیان پێبدرێت، رێکخراوەکە ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ نێو خاکی فەلەستین، چونکە هەزاران تۆن خۆراک چەند خولەکێک لە سنووری غەززەوە دوورن و ناتوانن ببرێنە نێو خاکی غەززە.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ساڵی 2023ـەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پاڵپشتی و هاوکاریی حەوت هەزار و 300 نەخۆشی کردووە لەنێویشیاندا 617 تووشبووی شێرپەنجە بوون، هەروەها گوتی، ئێستا زیاتر لە 10 هەزار نەخۆش پێویستیان بە گواستنەوە هەیە.
 
ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە رێگری لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.4 ملیۆن کەسە و لە 18ی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستێکی دوو مانگی، هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
 
یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی برسێتی، بەدخۆراکییە و ئەمانەش کاریگەرییەکانیەتی لەسەر جەستە؛
 
* لاوازبوونی بەرگریی جەستە
* کەمیی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان 
* قڵیشانی پێست 
* درەنگچاکبوونەوەی برین 
* کەمخوێنی
* ناڕێکیی کۆئەندامی هەرس
* وشکبوونەوەی جەستە
* تووشبوون بە هەوکردنەکان
* لاوازیی ئێسکەکان