نەخۆشنامە؛ شەکر کەم بخۆن، با ئازارتان کەم ببێتەوە

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی نەخۆشنامەی ئەمجارە لەبارەی کەمکردنەوەی ئازارە درێژخایەنەکانە و میوانەکە دەڵێت: کێشزۆری و قەڵەوی ئێستا هۆکاری سەرەکین بۆ ئازاری بەردەوام و باسی پەیوەندیی نێوان شەکر و ئازاریش دەکات.
 
د. هێڤی شێرکۆ، پسپۆڕی سڕکردن و چارەسەری ئازار میوانی پۆدکاستەکەیە و رایدەگەیێنێت، هەندێکجار نەخۆش لەکاتی نووستن جووڵەی هەڵە دەکات و تووشی ئازاری درێژخایەن دەبێت یاخود وەرزشڤانان بەهۆی جووڵەی هەڵە و هەڵگرتنی کێشی زۆر دووچاری ئازاری درێژخایەن دەبنەوە.
 
د. هێڤی روونی دەکاتەوە، ئەوانەی سەوەفانیان هەیە و کێشیان زۆرە، ئازاریان زیاترە هەروەها ئەوانەی کێشەی پشتیشیان هەیە، بە کێشزۆریان دەشێت ئازارەکەیان زیاتر بێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. هێڤی شێرکۆ ئاماژە بە جۆرێکی نەخۆشی دەکات کە 'لەنێو خانماندا بڵاوە' بەتایبەت لە تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵی و دەڵێت: ''پێی دەگوترێت فایبرۆمایەڵجیا، نیشانەی نەخۆشییەکەش بە رۆماتیزم دەچێت، بەڵام کاتێک پشکنینیان بۆ دەکرێت هەمووی تەواوە، هەر بۆیە بە قسەکردن لەگەڵ نەخۆشەکە دەردەکەوێت کە ئەو نەخۆشییەی هەیە''.
 
لەبارەی چارەسەریشەوە گوتی، هەندێکجار بەهۆی شۆکێکی دەروونییەوەیە یاخود بۆماوەییە؛ بۆ چارەسەریش دەکرێت 'وەرزش، چالاکیی جەستەیی، بەرزکردنەوەی ڤیتامین دی و مەگنسیۆم، چارەسەری سرووشتی و دەرزیی ئاژنین یاخود دەرمانیان' بۆ بکرێت. 
 
بەگوتەی پسپۆڕەکەی کەمکردنەوەی ئازار، زۆرخواردنی شەکر هاندەرە بۆ زیاد هەستکردن بە ئازار، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات کەم بکرێتەوە، پێشی باشە: پێش خەوتن شیر بخورێتەوە و میوەکانیش زۆر بخورێن، چونکە کەمبوونی ئازار و ڤیتامینەکان ئازار زیاد دەکات.