پەرستارێک: خۆراکە خێراکان وەکو بۆمبێکی تەندروستی وان
رووداو - تەندروستی
خوێندکارێکی ماستەر لە پەرستاری رایدەگەیێنێت، "خۆراکە خێراکان چێژێکی کورتخایەن و زیانێکی درێژخایەنیان هەیە''.
ئاراس قادر، پەرستار و خوێندکاری ماستەر بە رووداوی راگەیاند، خۆراکە خێراکان وەکو بۆمبێکی تەندروستی وان! لەگەڵ ئەوەی تامێکی خۆشیان هەیە و زۆر بە ئاسانی دەستدەکەون، بەڵام زیانەکانیان زۆر گەورەترن لەوەی بیری لێدەکەینەوە.
ئاراس قادر دەڵێت: خۆراکە خێراکان دەبنە هۆی کۆبوونەوەی چەوری، بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
هاوکات ئەوەش باس دەکات، لەگەڵ ئەوەی وزەیەکی کاتی دەبەخشن، بەڵام زوو هەست بە ماندووێتی دەکەیت و توانای ئەنجامدانی کارەکانت نامێنێت.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست رێگەیەکی کاریگەرە بۆ تەمەندرێژی و لەشساخی.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون