زنجیری ملی نەخۆشێک لەنێو ئامێری MRI دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی

رووداو - تەندروستی

لە ئەمریکا پیاوێکی بەساڵاچوو کاتێک پشکنینی لەرەی موگناتیسیی MRI بۆ دەکرێت، بیری دەچێت ملوانکە ئاسنینەکەی دابکەنێت و کارەسات دروست دەکات.
 
پۆلیسی نیویۆرک رایدەگەیێنێت، ئەو پیاوە زنجیرێکی گەورەی ئاسنینی لەملدا بووە و کاتێک ئامێرەکە داگیرساوە، کارلێکی نێوان لەرەی موگناتیسی ملوانکەکە و ئامێرەکە تێکەڵ بە یەک بوون و لە ئەنجامدا پیاوەکە کێشراوە بە ئامێرەکەدا.
 
ئەو رووداوە لە ناوەندی پزیشکیی ناساو لە ویلایەتی نیویۆرک روویداوە، کاتێک ئەو پیاوە 61 ساڵە بەبێ مۆڵەت چووەتە نێو ژووری پشکنینەکە و چووەتە نێو ئامێرەکە. ئیدی ملوانکەکەی لە ملدا گیربووە و کێشاویەتی بەملاو بەولادا، بە سەختی بریندار بووە و پاشانیش گواستراوەتەوە نەخۆشخانە، بۆ رۆژی دواتر گیانی لەدەستداوە.
 
ئامێری MRI چییە؟
 
بەپێی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ئامێری MRI بە لەرەی موگناتیسکی کار دەکات بۆ بینینی وێنە روونەکانی نێو جەستە، ئەندامەکان و شانەکان لەپێناو دەستنیشانکردنی نەخۆشی بەکاردێت، هەر بۆیە هەر کەلوپەلێکی کانزایی بەتایبەت 'مۆبایل، کلیل، ملوانکە، ئەڵقە و مستیلە' دەبێت لە نەخۆش لێبکرێنەوە، چونکە ئەگەر بچنە نێو ئامێرەکە ئەوا دەشێت نەخۆش و کارمەندە پزیشکییەکەش بریندار بکەن.
 
بەگوێرەی FDA، ساڵانە ملیۆنان پشکنینی MRI لەو وڵاتەدا دەکرێن و نزیکەی 300 راپۆرتیش دەکرێن کە نەخۆش وەکو ئەم چیرۆکە تووشی کێشە هاتوون تێیدا.
 
کێن ئەوانەی پێویستییان بە رەنینی موگناتیسی MRI هەیە؟