پزیشکانی دانەمەزراوی دەرچووی دەرەوەی وڵات لەنێو وەزارەتی تەندروستی لێیان دەدرێت
رووداو - تەندروستی
پزیشکانی دانەمەزراوی دەرچووی دەرەوەی وڵات کە داوای دامەزراندن دەکەن دەڵێن، ئەمڕۆ بۆ بەدواداچوونی دامەزراندنیان چوونەتە نێو وەزارەتی تەندروستی، بەڵام لێیان دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-7-2025 نوێنەرێکی ئەو دەرچووانەی کۆلێژی پزیشكی گشتیی دەرەوەی وڵات لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، دکتۆرەکانمان ژیانیان لە مەترسیدایە، هەندێکیان لووتیان شکێندراوە و هێزێکی زۆری ئەمنی لەنێو وەزارەتی تەندروستی بوون.
دکتۆر ئوسامە داود، پزیشکێکی دانەمەزراوە و بە جلوبەرگی خوێناوییەوە بە مایکی رووداوی گوت، داواکاریمان ئەوەیە کە ناوەکانمان بەرز بکرێتەوە بۆ دامەزراندن؛ ئەمەش چیرۆکی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەو پزیشک و کارمەندانی نێو وەزارەتی تەندروستییە.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراوی دەرەوەی وڵات نزیکەی 50 کەسە و ناویان لە هیچ لیستێکی دامەزراندندا نەهاتووە.