خانمێکی بەریتانی بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی دژەقەڵەوییەوە ئەندامێکی جەستەی لەدەستدەدات

رووداو - تەندروستی

خانمێکی بەریتانی پێنج مانگ دەرمانی دژەقەڵەوی بەکاردەهێنێت، بەڵام تووشی چەندان نیشانەی مەترسیدار دەبێت و ئەندامێکی جەستەی لەدەستدەدات.
 
جین فێنا، خانمێکی 39 ساڵی بەریتانییە و لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دەستی بە بەکارهێنانی دەرزییەکی دژەقەڵەوی کردووە، ئەو دەڵێت، بەهۆی رێکلامە ئۆنڵاینەکانەوە زیاتر ئارەزووی بەکارهێنانی بۆ دەرمانەکە زیادبووە و هەر لەو رێگەیەشەوە دەستی کەوتووە.
 
جین دەڵێت، کاتێک بینیویەتی دوای پێنج مانگ لە بەکارهێنانی دەرمانەکە، کێشی دابەزیوە، بەبێ راوێژی پزیشک بڕی دەرمانەکەی زیاد کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە دووچاری مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی ببێت.
 
ئەو خانمە لەناکاو هەستی بە چەند گۆڕانکارییەک کردووە وەکو 'سکچوون، رشانەوە، تۆخبوونی رەنگی میز و وشکبوونەوەی جەستە' تا وای لێدێت رۆژێک بەهۆی سکئێشەوە لەخەو هەڵدەستێت و بەپەلە خۆی دەگەیێنێتە نەخۆشخانە.
 
دوای پشکنینەکان، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە کە بۆڕیی جگەری گیراوە و هەوکردن و بەردی زراویشی تووشبووە. نۆ رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و پاشان پزیشکەکان پێیان گوتووە، دەبێت نەشتەرگەریی لابردنی زراوی بۆ بکەن، چونکە بەکەڵک نەمانەوە و زۆربەکارهێنانی ئەو دەرمانەی دژەقەڵەوی هۆکاری سەرەکیی ئەوە بووە.
 
جین باسی ئەوەش دەکات، دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە 'هەڵوەرینی قژ و زەردوویی' تووشبووە. لە کۆتاییدا گوتی، ''جارێکی دیکە هیچ شتێکی دابەزاندنی کێش بەکارناهێنم و دەست دەکەمەوە بە وەرزش و خواردنی خۆراکی تەندروست، سەوزە و میوەی زۆریش دەخۆم''.
 
بەردی زراو و دەرمانەکانی دژەقەڵەوی
 
بەگوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA، دەرزییەکانی دژەقەڵەوی دەشێت وەکو کاریگەریی لاوەکیی ببنە هۆی دروستبوونی بەردی زراو و ئەگەرەکەش 10٪ـە.
 
دەزگاکە دەریدەخات، بەبێ راوێژی پزیشک بەکارهێنانی هەر دەرمانێکی دژەقەڵەوی مەترسیدارە. 
 
دەرمانەکانی دژەقەڵەوی
 
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دەرمانەکان قەڵەوی سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستاش بە ئەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون، هەروەها پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، هەروەها پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.
 
ئەمانە نابێت دەرمانی دژەقەڵەوی وەربگرن؛
 
- تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک 
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی پەنکریاس و زراو
- ئەوانەی نەخۆشیی کوێرەڕژێنەکانیان هەیە
- ئەوانەی نەخۆشیی غودەیان هەیە 
- خانمانی دووگیان و شیردەر