هۆشداری لەبارەی دەرمانی کیتامین؛ بۆ ئازاری درێژخایەن بەکارنەیەت

رووداو - تەندروستی

پێداچوونەوەیەکی پزیشکیی ئەم دواییانە ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی نازانستیی دەرمانی کیتامین کە وەکو ئازارشکێن بەکاردێت، مەترسیدارە و دەکرێت لێکەوتەی خراپی بەدوادا بێت.
 
بەگوێرەی FDA، کیتامین دەرمانێکی بێهۆشکەری باوە و بۆ نەشتەرگەری و رێککارییەکان بەکاردێت، لەم ساڵانەی دواییدا بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە ئاڵۆزەکانی ئازاری درێژخایەن وەکو ئازاری دەمارەکان و ئازاری ماسوولکەکان دەنووسرێت.
 
پێداچوونەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی نیو ساوز وێڵز، پەیمانگەی زانستیی دەماری لە ئوسترالیا و زانکۆی برۆنێڵ لە بەریتانیا لەسەر دوو هەزار و 300 نەخۆش کرا و دەرکەوت، هیچ بەڵگەیەک نییە کاریگەریی دەرمانی کیتامین لەسەر کەمکردنەوەی ئازاری درێژخایەن پشتڕاست بکاتەوە.
 
مایکل فێرارۆ، سەرپەرشتیاری پێداچوونەوەکە لە زانکۆکەی ئوسترالیا دەڵێت، ''ئێمە ناڵێین کیتامین کاریگەریی نییە، بەڵام ئەوەش روون نییە کە کاریگەریی هەبێت''. 
 
هیچ کام لەو توێژینەوەیانەی پێداچوونەوەیان بۆ کراوە نیشانیان نەداوە کە کیتامین کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی خەمۆکی یان ئاڵوودەبوون بە ئازارشکێنەکانەوە هەیە.
 
لەکۆتاییدا توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر بەڵگەی زانستیی بەهێز نەبێت بۆ کاریگەریی دەرمانەکانی کیتامین، ئەوا ناتواندرێت بۆ ئازاری درێژخایەن بەکاربهێندرێت، چونکە ترسی ئالوودەبوون پێوەی زیاد دەکات.